جەواد لاریجانی: لە ئێران زیندانی سیاسی بوونی نیە

14:59 - 14 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد جەواد لاریجانی بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤی هێزی دادوەری حکوومەتی ئیسلامی لە باری بوونی زیندانی سیاسی لە ئێران ڕایگەیاند: لە ئێراندا زیندانی سیاسی بوونی نییە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەرپرسی ستادی مافی مرۆڤ قوەی قەزاییە لە بارەی زیندانی سیاسی لە ئێران دەڵێت: ئێمە لە ئێراندا پرسێکمان بەناوی زیندانی سیاسی نییە، ئەگەر لەو پەیوەندەییەدا تاوانێکی سیاسی هەبێت، دەکرێت ئەو تاوانە باس بکرێت.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە درێژەدا دەڵێت: زیندانی سیاسی دەستەواژەیەکی عەرەبی و عەرەبەکان ئەو چەمکە بەکار دەبەن هەتا لەو ڕێگایەوە پیرۆزی بە پێشێلکارییە یاساییەکان بدەن.

ناوبراو هەروەها پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە؛ ئێمە بۆ ئازاردان، تاوانباران لە تەنیشت یەک دانانێین، ئەوە تۆمەتێکی نابەجێیە کە لە قوەی قەزاییە دەدرێت.

لاریجانی هەروەها وتوویەتی: ئازادی بەیان و ئازادی کۆمەڵایەتی لە ئێران لە بەرەکەتەکانی ئینقلابی ئیسلامییە و دەشڵێت: ئێمە بە کردەوە پارێزگاری لەو ئازادییە دەکەین و دەبێ چوار چێوەی ئازادیش بناسین.

پێشتر ئەندامێکی ماف و قەزایی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاندبوو؛ لە زیندانەکانی ئێراندا ٤ هەزار و ٥٠٠ زیندانیی بوونیان هەیە و دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ڕێگەیەک لەبەرچاو بگرین.

بەرپرسانی ئێران لە بە کار بردنی دەستەواژەی\"سیاسی\" بۆ زیندانیان سیاسی و عەقیدەتی و دژبەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خۆیان دەبوێرن و ئەوان وەکوو \"زیندانی ئەمنیەتی\"ناو دەبەن.