تەقە و ڕاودوونانی هێزی سپای پاسداران، کۆڵبەرێکی کردە قوربانی

15:01 - 19 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تراژیدیای کوژرانی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوەیان لە بەرزاییەکاندا، کۆتایی پێ نەهاتووە و لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری نەوسووددا، دەکەونە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزەکانی سپای پاسداران و لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرەی بە ناوی \"هادی مووسازادە\"، تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵکی شاری جوانڕۆ، ڕاگەیاندووە.

یەکێک لەو کۆڵبەرانەی کە لەو ڕووداوەدا بووە، بە هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"هێزەکانی سپای پاسداران، نزیکەی ١٢ کەسی خەڵکی خۆجێیی بوون و سەروچاوی خۆیان داپۆشیبوو، تا لە لایەن ئێمەوە نەناسرێنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش گەمارۆدانی کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی \"سەنگەر\" لە ناوچەی سنووری نەوسووددا، هادی مووسازادە، پاش پێکرانی و لە ترسی هێزە نیزامییەکاندا خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و گیانی لەدەست دەدات.

لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، گرووپێک لە کۆڵبەران لە سنووری نەوسووددا، کەوتنە کەمینی نیزامییانی حکوومەتی ئێران و تەقەیان لێ کرا و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی \"بێوه‌نـ\"ـەی ناوچەی کڵاشیی جوانڕۆ، بە ناوی \"سادق عەزیزی\"، گیانی لەدەست دا.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە، هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشلکردنی خودی یاساکەیە.

لە ساڵی ٩٧دا، ١٧٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، کوژرا و برینداربوون.

هەروەها ٢٥ کۆڵبەری کورد بە تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی. هەروەها ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان ٢٢ کۆڵبەر، سەرمابردوویی ١٤کۆڵبەر، جەڵتەی دڵ ٤ کۆڵبەر، لێدانی کۆڵبەران لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتەوە ٢ کۆڵبەر، کەوتنە نێو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەریدا ٣ کۆڵبەر، داکەوتنی بار بە سەر کۆڵبەراندا ١ کۆڵبەر، بێسەروشوێن بوون ٣ کۆڵبەر و کوژران و برینداربوون بە هاتوچۆی ماشین ١٤ کۆڵبەر و کە سەرجەم ٢٦٥ کۆڵبەری کورد لە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی.