تەقینەوەیەک لە سەرپێڵ زەهاو ٣ قوربانی لێکەوتەوە

15:20 - 26 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ ئەندامی بنەماڵەیەک لە سەرپێڵ زەهاو بەهۆی تەقینەوەی چاشنی خومپارە لە ماڵەکەی خۆیاندا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئیستا ژن و مێردێک بەهۆی تەقینەوەی چاشنی خومپارەی نێو ئاسنەواڵە، گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ژن و پیاوە سەرقاڵی جیاکردنەوەی ئاسنەواڵەکان لە یەکتر بوون کە چاشنییەکی خومپارە بەڕووایندا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هاوکات لەو رووداوەدا منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵەی ئەو بنەماڵەیەش بەتوندی بریندار بووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا و لە رووداوێکی هاوشێوەدا کوڕ و باوکێک لە ئەیوانی غەرب گیانیان لەدەست دا و ٢ ئەندامی دیکەی ئەو بنەماڵەیە کە ژن بوون، بەتوندی برینداربوون.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان بەتایبەتی شارە سنوورییەکان، بەهۆی تەقەمەنیی بەجێماو لە کۆنە پایەگاکان و مینە چێندراوەکانی سەر سنوور دەبنە قوربانیی.