بەهۆی خۆپیشاندانەوە خەسارەتی ٤٠ هەتا ٥٠ میلیارد تمەنی لە تۆڕی ئوڕژانسی ئێران دراوە

11:50 - 29 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان لە ئێران و کوردستان، بەپێی وتەکانی بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەو ناوەندە حکوومەتییە خەسارەتی ٤٠ هەتا ٥٠ میلیارد تمەنیی بەرکەوتووە.

بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و زانیاری گەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ڕایگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر، خەسارەتی ٤٠ هەتا ٥٠ میلیارد تمەنی بەر تۆڕی ئوڕژانسی وڵات کەوتووە".

بە وتەی "کیانووش جیهانپوور"، لانیکەم ١٢٤ ماشینی ئامبوڵانس خەسارەتیان بەرکەوتووە و هەروەها هەندێک لە ئامبوڵانسەکان بەگشتی لەکار کەوتوون.

ناوبراو زیادی کردووە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، ١٠ دەزگای  AED، ونتیلاتور، دەزگای تلە مەدیسین و کەرەستەی پزیشکیی پورتابل، خەساریان بەرکەوتووە و زیاتر لە ٤٠ پایگای ئوڕژانسی لەنێوچوون.