بەرهەمهێنانی کاشی لە کارگەی "کاشی کاژە"ی شائاباد ڕاگیرا

11:52 - 29 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کارگەی "کاشی کاژە"ی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەرەبەری داخستندایە و ئەگەری بێکاربوونی ٨٠٠ کرێکار لە ئارادایە.

بە وتەی بەڕێوەبەری ئەو کارگەیە، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، ئەو کارگەیە بەرهەمەکانی خۆی ڕاگرتووە و ئەگەری بێکاربوونی ٨٠٠ کرێکاری هەیە.

"ئەمیر حوسێن سەید محەممەدی"، هۆکاری داخرانی ئەو کارگەیەی بۆ داخرانی سنووری سوومار، ڕێپێنەدان لە سات و کاتی خۆیدا لە سنووری پەرویزخان و خوسرەوی، نەبوونی ئەمبار بۆ بەرهەمە نوێیەکان، نەبوونی ماشینی گواستنەوە و هاوکاری نەکردنی ئیدارەی ڕێگاوبان، گەڕاندەوە.

شیرکەتی "کاشی کاژە"، بەهۆی نزیکی لە سنووری عێراق، یەکێک لە سەرەکیترین شیرکەتەکانی هەناردەکردنی کاشی و سرامیک لە ئێران بووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، بەرهەمهێنانی ڕاگرتووە.

لە ئەگەر بەردەوامبوون لە بەرهەمنەهێنانی ئەو شیرکەتە، ٨٠٠ کرێکار بە حەشیمەتی کرێکارانی بێکار زیاد دەبێت.