بەرموور: پرژانە سەر ٨ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە حەفتەی رابردوودا

20:24 - 24 رەشەمه 2713
حەفتەی چوارەمی مانگی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٥ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی ژنێکی لاو، دەستبەسەرکردنی دوو چالاکی ژن و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنی لە دوو کەستی دیکە لە شاری سنە و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتیە لە دەرکرانی دوو کچە خوێندکاری بەهای لە زانکۆ و بانگهێشتکرانی کچە خوێندکارێک بۆ حەراسەتی ئەو زانکۆ لە خۆ دەگرێت.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی ژنێکی کورد لە شاری خوی

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، ژنێکی خەڵکی شاری خوی دەستی دایە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانی لە دەتس دا، بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتە لە سەرەتای وەزی زستانەوە هەتا ئێستا ١٧ ژن و کچی کورد بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە.

\"18825.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کچێک بەناوی چیمەن میلانی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ناوچەی \"قوتوور\"ی سەربە شاری خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

چیمەن میلانی، کە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکەیەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، پاش راگواستن بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری خۆی بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە ئەژمار کردنی خۆکوژیی چیمەن میلانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشیەنکانی ئێران، تەنیا بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی ژنی شاری سنە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردن لە دوو کەسی دیکە

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنە دوو ژنە چالاکی کوردیان دەستبەسەر و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیشیان لە دوو کەسی دیکە کردووە.

\"18826.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ‌١٧‌ی رەشەمە ( ٨‌ی مارس رۆژی جیهانی ژنان)، مریەم ناسری چالاکی بواری مافەکانی ژنان و یەکێک لەئەندامانی کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ سەرپەرست و ئازار دیتوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هەتا ئێستا لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگیرانی مریەم ناسری، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێشتریش لەرێکەوتی ٢٩ رێبەندانی ئەمساڵدا یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو کەمپەینە بە ناوی \"رۆزیتا ئەحمەدی\" دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە و لەدرێژەی فشار بۆ سەر ئەندامانی کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ سەرپەرست و ئازار دیتوو، دوو خوشک بە ناوەکانی \"شەهلا و سومەیە ئەڵڵاوەیسی\" خەڵکی شاری سنە، کە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ‌کرابوو، ماوەی چەند رۆژە چارەنووسیان ناڕوونە.

ئێــــــــــران

دوو کچە خوێندکاری بەهایی لە خوێندن بێبەش کران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو کچە خویندکاری پەیڕەوی ئایینی بەهایی و خوێندکاری زانکۆی مازندەران بە هۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە لە خوێندن بێبەش کران.

\"18827.jpg\"
ستایش ئەسەدی و سەما هاشـمی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە لە خوێندن بێبەش کراون
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دوو کچە خوێندکاری زانکۆی باوبلسەری مازندەران بە ناوەکانی ستایش ئەسەدی و سەما هاشـمی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینییەوە لە خوێندن بێبەش کراون.

ستایش ئەسەدی کە ساڵی ٩٢ چووتە زانکۆ، دوای تێپەڕاندنی ١٩ واحیدی دەرسی و بەهۆی بەهایی بوونیەوە لە زانکۆی بابولسەر دەرکرا.

ناوبراو خوێندکاری رشتەی کارگێڕی جیهانگەردی بووە.

هەروەها سەما هاشمـی خوێندکاری بەهایی کە ئەویش ساڵی ٩٢چۆتە زانکۆ و لە رشتەی کارێگێریدا سەرقاڵی خوێندن بووە، بەهۆی باوەڕمەندبونو بە ئایینی بەهایی لە خوێندن بێبەش کراوە.

ئەو دوو خوێندکارە بەهایی دوای داخرانی ماڵپەڕی خوێندکاری سەردانی بەشی پەروەردەی کۆلیژەکەیان کردووە کە ئاگادار کراونەتەوە: \" ئێوە لە خوێندن بێبەش کراون و کەمینە ئاینییەکان مافی خوێندنیان لە زانکۆکان نیە.\"

تاران؛ چالکێکی خوێندکاری بانگهێشت کرا

لە ماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری کچ بە ناوی مریەم حەنیفی بە هۆی چالاکی خوێندکارییەوە لەلایەن حەراسەتی زانکۆوە بانگهێشت و چەندین جار پێش بە چوونە نێو زانکۆی لێ گیراوە.

\"18828.jpg\"
مریەم حەنیفی، پێشتر لەلایەن دەفتەری بەدواداچوونی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هه‌ره‌شه‌ی دەرکردن لە زانکۆ لێکرا بوو
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، مریەم حەنیفی خوێندکاری تێرمی پێنجەمی زانکۆی تاران و سەرنووسری بلاڤۆکی خوێندکاریی \"گوتاری رۆژ\" و ئەندامی شۆرای ناوەندی ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆی تاران و زانکۆ پزیشکییەکانە، کە بانگهێشتی حەراسەتی ئەو زانکۆیە کراوە.

ناوبراو پێشتر و لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەلایەن دەفتەری بەدواداچوونی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لێپرسینەوەی لێکرابو و پێیان راگەیاندبوو: لە ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەو چالاکییانە بەرەورووی دەرکردن لە زانکۆ دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی مریەم حەنیفی لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چەندین جار بە شێوەی حوزووری و تەلەفوونی بانگهێشت کراون.

کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆی تارانیش بە بێ حازربوونی ناوبراو، ناوبارووی لە وەرگرتنی وامی خویندکاری بێبەش و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە خەوتن لە خەوتنگەی زانکۆ بێبەشی کردووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٥ حاڵەت)
ماڵپەڕی \" جمعیت مبارزە با تبعیض تحصیلی\" (٢حاڵەت )
ماڵپەڕی کەمپەینی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (١حاڵەت )