بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی کۆڵبەرێکی مەهابادی ئەستاند

20:26 - 18 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"بێتووش\" لە ناوچەی سەردەشت گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هێدی فەقێ مەحموودی\" تەمەن ٢٥ساڵ خەڵکی گوندی \" گۆیجکەدەری\" شاری مەهاباد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"بێتووش\"ی شاری سەردەشت گیانی لە دەست دا.

\"\"هێدی فەقێ مەحموودی
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و پاش ڕادوونانیان لە لایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە، تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵیت: تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوردە لە لایەن دانیشتوانی ناوچەی بێتووش دۆزراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی شەممە ١٥ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یوسف (زانیار) محەممەدی ئەسڵ\" خەڵکی پیرانشار لە شاخە سنوورییەکانی ئەم شارە بە هۆی ڕەق‌بردوویی گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەری لە شاخەکانی \"کانی خودا\" تووشی ئەم ڕووداوە بووە و تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگوێزراوە.