شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:11 - 13 بانەمەڕ 2724

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حیسامەدین مەحموودی" تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی سەید جەلال خەڵکی گوندی "کانی سورک"، "مەولوود ڕووستا" و "حەسەن ڕەسووڵی" خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی حیسامەدین مەحموودیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: مەولوود ڕووستا و حەسەن ڕەسووڵی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: حیسامەدین مەحموودی، حەسەن ڕەسووڵی و مەولوود ڕووستا