دەسبەسەرکرانی موسلێح جەعفەری ڕەمشتی بۆ سێیەمین جار و ناڕوونیی چارەنووسی دوای ٩ ڕۆژ

21:25 - 26 خاکەلێوه 2724

موسلێح جەعفەری ڕەمشتی، برای بەندکراوی سیاسیی پێشوو موسلێم (هەڵۆ) جەعفەری ڕەمشتی کە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی براکەی دوو جار دەسبەسەر کرابوو، بۆ جاری سێهەم دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٩ ڕۆژە کە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، موسلێح جەعفەری ڕەمشتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنووری "ڕازی"ی خۆی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بنەماڵەی ناوبراو پاش یەک حەفتە بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوبراو و وڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سنە، زانیویانە کە کوڕەکەیان لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ موسلێم جەعفەری ڕەمشتی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە هۆی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ئێران چووەتە دەرەوە و براکەی مۆسلێح جەعفەری ڕەمشتی پاش ئەوەی کە دەچێتە تورکیە و بەڵگەکانی ناسنامەکەی بۆ دەبات، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران دەسبەجێ دەسبەسەر دەکرێ و ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان مەرجی ئازادیی ناوبراویان، ڕادەستکردنی براکەی بە ناوەندە ئەەمنییەتییەکان ڕاگەیاندووە.

موسلێم (هەڵۆ) جەعفەری ڕەمشتی؛

موسلێم جەعفەری ڕەمشتی ناسراو بە هەڵۆ، ڕۆژی ٢٠ی  خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە گوندی "تەرس‌ئاوا"ی شاری خۆی، بەبێ بەڵگەی یاسایی، کاتژمێر ٥ی بەیانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییە چەکدارەکانەوە کە ١٠ ماشینیان لەگەڵ بووە، بە زۆر و بە لێدان، تەنانەت بەبێ ئەوەی کە ئیزن بدەن پێڵاو و جلوبەرگ لەبەر بکات و بە ڕاکێشرانی بەسەر زەویدا، دەسبەسەر کرا. ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی هەڵۆدا هەموو کەرەستەکانی، مۆبایلەکەی و کۆڵەپشتییەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بنەماڵەی جەعفەری ڕەمشتی هەتا ١٠٠ ڕۆژ هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە، تا کاتێک کە لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنێ کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە درێژەی ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین لە دەسبەسەریدا بووە. هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی بەگشتی مافی چاوپێکەوتنی لێ ئەستێندراوە و تەنیا جارێک لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، پاش دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لەلایەن لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین، بەهۆی نالەباربوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی توانیویە چاوی پێ‌ بکەوێت.

دەست و گورچیلەکانی ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەوە چڵکیان کردووە و چڵکی دەستی بە ڕێژەیەک بووە کە تەنانەت گەیشتووەتە ئێسکەکانیشی. لە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە نەخۆشخانە ئیزنی پێ نەدراوە سەبارەت بە دۆخی جەستەیی خۆی و ئەوەی کە بەسەریدا هاتووە قسە بکات.

دۆخی نالەباری هەڵۆ بە جۆرێک بووە کە پاش یەکەمین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە نەخۆشخانە، لە بەندیخانەی ئێڤینەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی گیراوە و داوایان لێ کردوون کە ٧ میلیارد تمەن (٢ میلیارد بە شێوەی نەختی و باقییەکەیشی وەکوو سەنەد) ڕادەستی ناوەندە پێوەندیدارەکان بکەن و بنەماڵەکەی خۆیان هەوڵی وەرگرتنی چارەسەری بۆ بدەن.

سەرەڕای ئەوەی کە دابینکردنی ئەم بارمتەیە بۆ بنەماڵەی جەعفەری ڕەمشتی زۆر قورس بوو، بەڵام ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، موسلێم جەعفەری ڕەمشتی بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بووەتە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان. ناوبراو دواتر وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی کێشە و ناوکۆکیی جیددی لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو حیزبە بەشێوەی فەرمی، دەست‌لەکارکێشانەوە خۆی و جیابوونەوەی لەو حیزبە ڕادەگەیەنێ و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و نیزامیی نەبووە و خەریکی کاری هونەری لە هەرێمی کوردستان بووە.

ڕۆڵ‌گێڕانی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە فیلمی "زەوییە پیسەکان" بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی مین و بومبە چێندراوەکان لەلایەن داعش، کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێوە چوو، لە باشترین کارەکانی هەڵۆ ڕەمشتی بووە و ناوبراو وەکوو باشترین ئەکتەری ئەو فێستیڤاڵە دیاری، کرا.

هەڵۆ ڕەمشتی لەو ماوەیەدا، کە ئەندامی پاک بووە و لە کاتی بەرگری لە بەرانبەر هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یەکێک لە دەستەکانی خۆی لەدەست داوە.

موسلێم (هەڵۆ) جەعفەری ڕەمشتی، کوڕی مەحموود و مەهوەش ڕەحیمی، لەدایکبووی ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٢ لە گوندی ڕەمشت سەر بە شاری سنەیە و خێزاندارە.

دۆسییەی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤینە و تۆمەتی ئەو ئەکتەرە کوردە " ١٧ ساڵ چالاکیی نیزامی و ئەندامەتی لە ڕێبەریی گرووپە تێرۆریستییەکانی دژی ڕێژیم" ڕاگەیەندراوە.