قوروە؛ کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش بانگکران بۆ دادگا دەسبەسەر کرا

21:16 - 22 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان پاش بانگکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری قوروە، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

کەماڵ لوتفی ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ش لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە کۆتاییدا لە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و سەرەڕای بەتەمەن بوون و دۆخی خراپی جەستەیی لە بەندیخانەی کامێران مانگی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو هەروەها کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بانگی لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێولان کرابوو.

ڕەزا لوتفی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی دێولان لە یەکەمین کەسانێک بوو کە لە ڕۆژی سێهەمی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا لە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی خەڵکی لە دێولان و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی یگانی تایبەت کوژرا.

پاش قەتڵی حکوومەتیی ڕەزا لوتفی، بنەماڵەکەی بە مەبەستی وتووێژی تلویزیۆنی و پێوەنددانەوەی کوژرانی کوڕەکەیان بە حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە هەڕەشەیان لێ کرا و کەوتنە ژێر گوشارەوە.

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی چەند ڕۆژ پاش قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەی و دوابەدوای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.