سەرپێڵی زەهاو؛ دەسبەسەرکرانی دوکتور لوقمان قەنبەری لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە

01:30 - 22 خاکەلێوه 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، دوکتور لوقمان قەنبەری، نووسەر و وەرگێڕی کورد لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، نزیکەی ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم نووسەرە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەک لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕاگەیاند: لوقمان قەنبەری، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە و ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران. پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگاداري ڕایگەیاند: وەرگێڕانی کتێبی "کردها در خاورمیانە ناآرام"، یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم وەرگێڕە کوردەیە کە بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی چاپ لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامییەوە لەلایەن وەشانگەی "کتاب ارزان"، لە سوئێد چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لێپرسەکانی ئیتلاعاتی سپا پێوەندیی لوقمان قەنبەری لەگەڵ ئووفرا بێنگیو، نووسەری ئەم کتێبەیان، نیشانەی "پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" زانیوە.

لوقمان قەنبەری دوکتورای زانستە سیاسییەکانی هەیە و وەرگێڕانی کتێبی  "کُردها در ایران: گذشته، حال و آینده" لەلایەن ناوبراوەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.