بەندیخانەی مەهاباد؛ دژایەتیی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ داواکاریی ئەشکان فەهیم بۆ وەرگرتنی مورەخەسی

01:24 - 22 خاکەلێوه 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لەگەڵ داواکاریی ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئەم شارە بۆ وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی دژایەتیی کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە نەخۆشیی پێست و دڵی هەیە و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە بەندیخانەی مەهاباد ڕاگیراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چەندین جار داواکاریی ئەشکان فەهیم بۆ وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای مەهابادەوە ڕەت کراوەتەوە.

ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی"، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٤٥ مانگ بەندکران و دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری ئەراک سزا دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئەشکان فەهیم لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەشکان فەهیم و خودی ئەشکان و ڕەزا ئەندیشەیان دەسبەسەر کرد. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لەنێو پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.

ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی، ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.