سلێمان عەبدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا

11:39 - 14 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی دوشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لە دۆسییەیەکی تردا و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی"، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچی سزا درا.

دادگا، ٨ مانگ زیندانی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی بە ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە ئەندامانی کۆمیتە ئیمداد گۆڕیوە و لێدانی ٧٠ قامچییەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوە، سلێمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سەقز پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١، سلێمان عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ناوبراودا مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

لە مانگی خەرمانانی ١٤٠١دا قەرارێک لە دادگای سەقز دەرکرا و بەو پێیە بەڵگەیەک بۆ بەتاوانبارناسینی سلێمان عەبدی دەست نەکەوت.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چالاکە سێنفییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.