دیواندەرە؛ ئومید قەدیمی بە بەندکران و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا

20:24 - 11 خاکەلێوه 2724

ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دادگای ئینقلابی دیواندەرەوە بە ٤٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرا.

بەپێی سزای دەرکراو، ئومید قەدیمی بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٢ مانگ بەندکران، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیری گشتی" بە پێبژاردنی ٨٥ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە حیسابی سندووقی دەوڵەت سزا دراوە.

بە پشتبەستن بە ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێ و هەروەها دادگا بڕیاری هەڵپەساردنی دوو لەسەر سێی سزای دیاریکراوی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەر کردووە.

بڕیاری دەرکراو دژی ئومید قەدیمی بە بەشداریی خۆی بووە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنیەوە لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا، دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەر کراوە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد.

 فواد قەدیمی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.