ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری بەدرەی ئیلام گرت

12:13 - 9 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ئیتلاعاتی سپا پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری بەدرەی پارێزگای ئیلام گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بڕیار بوو دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەپێی ڕاگەیەندراوەکان لە شاری بەدرە بەڕێوە بچێ، بەڵام ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە بانگکردنی بەڕیوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە و وەرگرتنی بەڵیننامەی نووسراو، پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە گرت.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوە، ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە شاری مەڵەکشایی ئیلام بەڕێوە چوو و ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە مەرجی بەشدارینەکردنی ژنان لە ڕێوڕەسمەکە مۆڵەتی بەڕێوەبردنەکەیان بۆ دەر کردبوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە شنۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزیان "قەدەغە"، ڕاگەیاند و هەڕەشەیان لە خەڵکەکە کرد.

هەروەها پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە تالاری "شیخولئیسلامی"ی سنە، گوندی "ئایچی"ی سەقز و نۆدشە گیرا. سەرەڕای پێشگیرییە ئەمنییەتییەکان بەتایبەت لە گێڵانغەرب ڕێوڕەسمێکی چەند هەزار کەسی بەڕێوە چوو. هەر لەم پێوەندییەدا تاکوو ئێستا چەندین کەس لە هاووڵاتییانی کورد لە سنە و میاندواو دەسبەسەر کراون.