بەندیخانەی نەغەدە؛ فەرزاد مەحموودپوور نێردرایە مورەخەسی

22:43 - 6 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەندیخانەی نەغەدەوە نێردرایە مورەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مورەخەسیی پێ دراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، فەرزاد مەحموودپوور بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم خۆپیشاندەرە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران" و "تێکدانی سامانی گشتی" بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا.

لقی ٢٦ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی "عەلی ئەکبەر یەساقی" و ڕاوێژکاریی "عەلی ئەکبەر بەنائی ڕاد" بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی فەرزاد مەحموودپوور، بڕیاری دادگای سەرەتایی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند ئەم حوکمە لە ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، فەرزاد مەحموودپوور پاش ١١ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی لێپرسینەوە لە گرتنگەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا.

فەرزاد مەحموودپوور کوڕی عەلی، خەڵکی میراوێی شاری شنۆیە.