کرماشان؛ برینداربوونی دوو لاوی کورد بە هۆی بڵاوکردنەوەی مۆسیقا و شایی لە پارکی "شەرقی" بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان

22:40 - 6 خاکەلێوه 2724

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پارکی "شەرقی" لە نزیک تاقەوسانی کرماشان لە گەڕەکی "زەفەر"، هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک لاو و لە ئاکامی تەقەکردنی ئەم هێزانەدا، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئەحمەدیانی" و "ئارمان بەسیری" بەسەختی بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، کۆمەڵێک لاو کە خەریکی بڵاوکردنەوەی مۆسیقا و شایی لە پارکی "شەرقی" نزیک تاقەوسان  لە گەڕەکی "زەفەر"ی کرماشان کەوتنە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ئەم لاوانە بەرەوڕوو بوونەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم لاوانە سەبارەت بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتییەکان، هێزەکانی حکوومەت لە مەودای زۆر نزیکەوە تەقەیان لە محەممەد ئەحمەدیانی و ئارمان بەسیری کردووە و بە دەمانچە لاقیان پێکاون و بەسەختی برینداریان کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم دوو لاوە کوردە بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان لە نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان خەوێندراون و دۆخی ئارمان بەسیری بە هۆی بەرکەوتنی ١٠ فیشەک لە لاقی دۆخی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بنەماڵەی ئەحمەدیانی و بەسیری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە منداڵەکانیان بە تۆمەتی "بێڕێزی و هەڕەشە"ی هێزەکانی حکوومەت دادگایی دەکەن، هەروەها مافی ڕاگەیاندن و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بەم پرسەیان نییە.