پیرانشار؛ سزای ٢١ مانگ بەندکرانی مەهوەش تەوەسولی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی جێبەجێ کرا

12:16 - 13 رەشەمه 2723

لە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ـەوە ، سزای ٢١ مانگ بەندکرانی مەهوەش تەوەسولی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە شاری پیرانشار جێبەجێ کراوە.

بەپێی نموونەیەک لە نووسینە دادوەرییەکان سەبارەت بە سزای مەهوەش تەوەسولی کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی پیرانشار بە بەندیخانەی ورمێی ڕاگەیاندووە کە زۆرترین سزای ٢١ مانگ بەندکرانی مەهوەش تەوسولی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە پیرانشار جێبەجێ بکا.

ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، دادگای ئینقلابی پیرانشار، مەهوەش تەوەسولیی بە تۆمەتەکانی کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی بە ٢١ مانگ بەندکران، ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بە ٢٠ مانگ بەندکران و پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٤ مانگ بەندکران سزا دا.

هەر لەم پێوەندییەدا، هاوسەری ناوبراو بە ناوی جووتیار ئەشرەفزادە، هەر بەو تۆمەتانە بە ٣ ساڵ بەندکران سزا دراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزەری ١٤٠١، جووتیار ئەشرەفزادە و مەهوەش تەوەسولی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.