مەهاباد؛ گێرانەوەیەک لە تەقەی ٢٣ گولـلەی ساچمەیی لە "عەلی میسری" لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد و لەدەستدانی چاوی چەپی بە تەواوەتی

04:42 - 13 رەشەمه 2723

شەوی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، "عەلی میسری" هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەو شارە، بەهۆی تەقەی زیاتر لە ٢٣ گولـلەی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی "کڵانتەریی ١٣"ی مەهاباد، لە چاوی چەپی، پشتی و دەستی بە سەختی بریندار کرا و لە کۆتاییدا چاوی چەپی درهێنرا و بینایی لەدەست دا.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەتی گێرانەوەی بریندار و کوژراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڵگەمەند دەکات، ئەمجارە لە وتووێژێکدا لەگەڵ "عەلی میسری" هاووڵاتیی تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، باس لە چۆنییەتیی برینداربوونی ناوبراو لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەو شارە دەکات.

عەلی میسری لە ئاکامی تەقەی ٢٣ گولـلەی ساچمەیی لە چاوی چەپی، پشت و دەستی، دوو جار نەشتەرگەری بۆ کرا و لە کۆتاییدا، پزیشكەکەکان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی ساچمەیی لە گلێنەی چاوی، ناچار بوون چاوی چەپی دەربهێنن.

بەشداریکردنی عەلی میسری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەهاباد و ئەو شەوەی کە پێکرا؛

عەلی میسری، هاووڵاتیی برینداربوو لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا لە مەڕ بەشداری و ئامادەبوونی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مەهاباد دەڵێت؛ شەوی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتێک گەیشتمە شەقامی "شارەداریـ"ـی مەهاباد، خەڵک لەوێ کۆ بوونەوە؛ هاووڵاتییانی ناڕازی ڕۆیشتن بۆ لای چوارڕێیانی "ئازادی" و دواتر بۆ چوارڕێیانی "مەولوودی". ڕۆیشتنی هاووڵاتییانی ناڕازی بۆ لای فەلەکەی "ساعەت" درێژەی هەبوو کە لەگەڵ هاتنی هێزەکانی یەگانی تایبەت، خۆپێشاندانەکە توندوتیژیی لێ‌کەوتەوە. خەڵکەکە ویستیان درێژە بە ناڕەزایەتییە بدەن، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکان هەوڵی تەقەکردنیان لە خەڵکەکە دا، بەو هۆیەوە خۆپێشاندەران بڕیاران دا بۆ لای شەقامی "مەنبع" بڕۆن.

لە شەقامی "مەنبع" لەگەڵ ناڕازییان هەوڵی بەستنی شەقامەکە و ئاگردانی سەتڵەکانی زبڵ و خاشاکمان دا، کە لەگەڵ تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان ڕووبەڕوو بووینەوە. بە مەبەستی پێشگرتن لە بریندار و دەسبەسەرکراوە ناڕازییەکان، لە کۆڵانەکان بۆ لای فەلەکەی "شوانە" هەڵاتین. کاتێک کە گەیشتینە فەلەکەی "شوانە"، ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی ناڕەزای هەوڵی داخستنی شەقامەکەیان دابوو و دەستیان بە دروشمی دژە حکوومەتی دەدا.

تەقەی ٢٣ گولـڵە ساچمەیی دوو جار لە عەلی میسری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی "کەڵانتەریی ١٣" و برینداربوونی لە بیاڤی چاوی چەپ، پشت و دەستی ڕاستی؛

عەلی میسری، هاووڵاتیی تەمەن ٢٨ ساڵەی مەهابادی لەمەڕ تەقە لێکردنی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە شەوی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، دەڵێت: "درێژەمان دا بە ناڕەزایەتییەکان هەتا گەیشتینە گەڕەکی "باغی شایگان"، بەڵام هێشتا نەگەیشتبووینە "کڵانتەریی ١٣". لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو کڵانتەرییەوە تەقەمان لێ کرا و و ٦ گولـڵە ساچمەیی بەر چاوی چەپم کەوت".

ئەو هەروەها دەڵێت: "بە چاوی بریندارەوە هەوڵی هەڵاتم دا، چوونکە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان درێژەی هەبوو، بەڵام دیسانەوە لە پشتەوە کرامە ئامانجی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی و زیاتر لە ١٧ گولـڵە ساچمەییم بەرکەوت و کە ١٠ گولـڵە لە پشتم کەوت و هەروەها لە لای مەچەکی دەستی ڕاستم هەتا ئانیشکی دەستم ٧ گولـلەی ساچمەیی بەرکەوت و بە سەختی پێکرام".

دەرهێنانی گولـڵە ساچمەییەکان لەلایەن پزیشکانی خۆبەخش لە جەستەی عەلی میسری و ئەو گوللانە کە لە چاوی بەجێ مابوون و بۆ ئارامگرتنی ئێش و ئازارەکای تەنیا حەبی "موسەککێنی" لە بەردەستدا بوو؛

عەلی میسری پاش برینداربوونی و بەهۆی جێگیرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان لە نەخۆشخانەی مەهاباد، لە چوون بۆ ناوەندە دەرمانییەکان خۆی بواردبوو. چوونکە هێزە حکوومەتییەکان هەوڵی ناساندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی برینداربوو لە نەخۆشخانەکەیان دەدا.

ئەو لەمەڕ چۆنییەتیی پێڕاگەیشتن پزیشکی بە خۆی دەڵێت: "لە ترسی دەسبەسەری سەردانی نەخۆشخانەم نەکرد، بەو هۆیەوە لە ماڵ و بە یارمەتیی یەکێک لە پزیشکە خۆبەخشەکان و بنەماڵەکەم، هەوڵی دەر‌هێنانی ساچمەکانی پشت و دەستی ڕاستمدا، کە زیاتر لە ١٧ گولـڵە ساچمەیی بەرکەوتبوو، بەڵام دەرهێنانی ساچمەکانی چاو پێویستیی بە سەردانی نەخۆشخانە و کەرەستەی پزیشكیی زیاتر هەبوو. دواتر بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ماڵەوە نەچوومە دەرەوە و هەتا نەناسرێم و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر نەکرێم".

ئەو هاووڵاتییە بریندارە لەمەڕ بارودۆخی نالەباری ئازاری چاوی بە کوردپا دەڵێت: "بۆ کەمکردنەوەی ئازاری چاوم تەنیا دەوا و دەرمانێک کە لە بەردەستم دابوو حەبی "موسەککێن" بوو، کە ڕۆژانە ٥ هەتا ٦ دانەم دەخوارد؛ بەڵام ئازارەکەی کەم نەدەبوو، لە چاوم خوێناو دەهات، بەو هۆیەوە لەسەر پێشنیاری یەکێک لە ئاشناکانم سەردانی نەخۆشخانەی "نیکوکاریـ"ـی تەورێزم کرد".

شەش برینداربووی نارەزایەتییەکان تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژ لە خەواندنی عەلی میسری لە یەکێک لە ژوورەکانی نەخۆشخانەی "نیکوکاری"؛

چاوی چەپی عەلی میسری لە نەخۆشخانەی "نیکوکاریـ"ـی تەورێز نەشتەرگەری بۆ کرا. ئەو لەمەڕ نەشتەرگەریی چاوی بە کوردپای ڕایگەیاند؛ لە ماوەی خەوێندرانم لە نەخۆشخانە، تەنیا جارێک نەشتەرگەریم بۆ کرا و پزیشکەکان توانیان ساچمەکانی دەورووبەری چاوم کە قووڵاییەکی کەمی هەبوو دەربهێنن.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٨ ساڵە لەمەڕ ڕێژەی بەرکەوتووانی ناڕەزایەتییەکان لە یەک ژووری نەخۆشخانەی "نیکوکار"ی تەورێز دەڵێت: "لەگەڵ ٦ کەس لە برینداربووەکان کە یەک لەوان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵەی خەڵکی بۆکان بوو، کە هەر دوو چاوی بریندار کرابوو و هەروەها چاوێکی لەدەست دابوو، لە ژوورێکدا، خەوێندرابووین. بەرکەوتووەکان خەڵکی شارەکانی سەقز، مەهاباد و بۆکان بوون".

سەرئەنجامی نەشتەرگەری لە دەرەوەی وڵات و چاوێک کە هیچ کات نابینێت؛

بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنییەتیی نەخۆشخانەی "نیکوکاریـ"ـی تەورێز، عەلی میسری تەنیا چەند ڕۆژ لەو نەخۆشخانەیە مابووە و بە ناچاری پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک، ئەو نەخۆشخانەیە بەجێ دەهێڵێت. ئەو لە کۆتاییدا، بەهۆی نالەباریی چاوی ناچار دەبێت بۆ درێژەدانی ڕەوتی چارەسەری پزیشکیی چاوی، بێتە هەرێمی کوردستان و لەوێ وەکوو پەنابەر بمێنێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە پێکراوە مەهابادییە لەمەڕ نەشتەرگەریی دووبارەی چاوی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان، پزیشکەکان دوو گولـلە ساچمەیان کە بەر گلێنەی چاوم کەوتبوو دەرهێنا. بەڵام بەهۆی لە دەستدانی "ڕەشبینە"ی چاوم. ناچار بە دەرهێنانی چاوم بوون.

عەلی میسری؛

"عەلی میسری"، لە دایکبووی ڕێکەوتی ١١ سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٣ لە شاری مەهابادە و کوڕی کاک "عەبدڵقادر" و خاتوو "حەبیبە"یە.

ناوبراو بە کاری جوانکاریی بیناسازی خەریک بووە.

ئامادە کردنی؛ ستار ئیبراهیمی