بەندیخانەی ورمێ؛ کامران قاسمی بەندکراوی سیاسیی کورد کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

01:30 - 26 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ورمێ تێدەپەڕێنێ، بە بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی لە بەندی دابڕگەی بەندیخانەی ورمێوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم بەندیخانەیە گەڕێندراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، کامران قاسمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ورمێ تێدەپەڕێنێت، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدربڕین بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە و ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرت.

ئەم بەندکراوە سیاسییە زیاتر لە نیوەی ماوەی سزاکەی خۆی تێپەڕاندووە بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعات داواکارییەکەی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و ئازادیی مەرجداریان ڕەت کردووەتەوە.

کامران قاسمی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی هەر چەشنە مورەخەسییەک بێبەری بووە.

کامران قاسمی، هاووڵاتیی خەڵكی ورمێ، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا و پاش یەک ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانە، سەرماوەزی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا.

سزای بەندکرانی کامران قاسمی لە ئاکامی قەبووڵکردنی سزاکەیدا، بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرا.