سیاوەش حەیاتی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا

23:20 - 16 رەشەمه 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمە، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، سیاوەش حەیاتی پاش بانگهێشت بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری تاوانە کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە گوندی "ورگمە"ی شاری داڵاهۆ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.

حەیاتی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان جێگیر لە شاری شاباد، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دژبەری حکوومەت و هاندانی بنەماڵەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و بە زاڵم‌ناساندنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٥۰۰ی یاسای سزای ئیسلامی، ساڵێک بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان سیاوەش حەیاتی، "هاندانی خەڵک بە کوشتن و شەڕکردن بەمەبەستی تێکدانی تەناهیی ئێران" بووە کە دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەپاندنی ئەو تۆمەتە بە پشتبەستن به ئەسڵی ۳۷ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، سیاوەش حەیاتیی بە بێتاوان ناساند.

لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەحنە، دۆسییەی سیاوەش حەیاتیی بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە بۆ تێکدانی تەناهیی نێوخۆیی و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە مەبەستی پێڕاگەیشتن، ڕەوانەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کردووە.

لە حوکمی کۆتاییدا لقی یەکی لێپرسینەوەی داداسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە، بەپێی ماددەی ٤١٩ و دەنگی لقی ٥ی دیوانی باڵای وڵات و لەسەر داواکاریی دادستانی گشتیی وڵات، پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناوبراو ڕادەستی ناوەندە دادوەرییەکانی تاران کرا.

ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی  ١٤٠١، سیاوەش حەیاتی و هاوڕێکانی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکانی ئازادکراو لە ڕێوڕەسمی ٢٧ی خەزەڵوەر لە کرماشانەوە چووبوونە شاری سەحنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ کرماشان لە خاڵی پشکنینی بێستوون، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و ئازا و ئەشکەنجە درابوون.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٠، سیاوەش حەیاتی پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرا و ڕەشەمەی ١٤٠١ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی" بانگهێشتی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کرا.