ئیلام؛ بانگکردن و وەرگرتنی بەڵێنی زۆرەملێ لە محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی کورد بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر پشتیوانیی هەندێ لە گۆرانیبێژان لە هەڵبژاردنەکان

23:36 - 10 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی ئیلام بە هۆی ناڕەزایەتیدەربرین بەرانبەر بە گۆرانی وتنی هەندێ لە گۆرانیبێژە حکوومەتییەکان بۆ پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکان، لەلایەن ئەماکنی ئیلامەوە بانگ کراوە و پاش هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵێنی زۆرەملێ ئازاد کراوە.

محەممەد عەباسزادە بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا، سەبارەت بە پشتیوانیی ئەم گۆرانیبێژانە لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو.

بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم هونەرمەندە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئیلامەوە بە تۆمەتەکانی "بێڕێزی بە ئیمامەکان و بڵاوکردنەوەی درۆ"، بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، پیبژاردنی ٢٤ میلیۆن سزای نەختی و سزای تەکمیلی سزا درابوو.

ئەم هونەرمەندە هەروەها بە نووسینی ٥٠٠ لاپەڕە وتار بە دەستوخەتی خۆی سەبارەت بە "ئەنجامی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان لە قیامەت" مەحکووم کراوە.

محەممەد عەباس‌زادە، پێشتریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوە و نائارامییەکان، خوێندنی سروود بۆ ژینا ئەمینی، تێکدانی بیری گشتی و پێوەندی لەگەڵ دوژمنان" بە یەک ساڵ زیندانی تەعلیقی و دانی ٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

محەممەد عەباس‌زادە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرابوو.

ئەم هونەرمەندە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ئیلام ئازاد کرابوو.