ناوەندە ئەمنییەتییەکان، دانپێدانانی زۆرەملێ و دەربڕینی پەشیمانییان وەکوو مەرج بۆ دەسپێڕاگەیشتنی زەینەب جەلالییان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی داناوە

04:38 - 12 سەرماوەز 2723

زەینەب جەلالییان، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، کە شانزدەهەمەین ساڵی حوکمەکەی لە زیندانی یەزددا تێدەپەڕێنێ، بە هۆی دژایەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەرییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ پێڕاگەێستن و خزمەتگوزاریی دەرمانی بۆ زەینەب جەلالییان، دانپێدانانی زۆرەملێ و دەربڕینی پەشیمانیی وەکوو مەرج داناوە و لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم زیندانییە سیاسییە بە دەستبەند و پێبەندەوە، لەلایەن لێپرسەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هێزەکانی ئیتلاعات هەڕەشەيیان لە زەینەب کردووە کە تا کاتێک کە پەشیمانیی خۆی دەرنەبڕێ، لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و ڕاگوێزران بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان و وەرگرتنی خزمەتگوزاریگەلێک کە لە زینداندا جێبەجێ ناکرێن، بێبەری دەبێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: چاوەکانی زەینەب جەلالییان، بە هۆی بێبەریبوون لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانی، تووشی کێشە بوونە و بینایی ناوبراو لە مەترسیدایە، بە جۆرێک کە ناچارە بۆ کتێب خوێندنەوە، کەڵک لە چاویلکەی زیندانییانی دیکە وەربگرێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: زەینەب جەلالییان سەرەڕای کێشەی بینایی، کێشەی گورچیلە و ئاسم و چەند کێشەی دیکەشی هەیە و لە دۆخێکی دژواردایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: زەینەب جەلالییان هەموو داوکارییەکانی لێپرسەکانی ئیتلاعات بۆ دەربڕینی پەشیمانیی ڕەت کردووەتەوە.

زەینەب جەلالییان، ڕۆژی ٨ی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە هۆکارگەلی نادیار لە زیندانی خۆی بردرایە دەرەوە و ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕی هەمان ساڵ ڕەوانەی بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا و لەو زیندانەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

زەینەب جەلالییان، ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩، لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی کرمان دوور خرایەوە و ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.

پێشتریش، دێنیز جەلالییان، خوشکی زەینەب جەلالییان، سەبارەت بە دۆخی خوشکەکەی بە کوردپای ڕاگەیاندبوو: زەینەب بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە ئازاری زۆری چێشتووە و لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری بووە. هێزە ئەمنییەتییەکان بە ناوبراویان ڕاگەیاندبوو کە لە ئەگەری قەبووڵکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەواندا، چارەسەری پزیشکی وەردەگرێ و مافی مورەخەسیشی پێ دەدرێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەسبەسەر کرا و دوای چەند مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا و کەوتنەبەر توندوتیژیی توندی جەستەیی و دەروونی، سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "موحاربە"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا.

حوکمی زەینەب جەلالییان، بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و ئەم حوکمە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠ بە یەک دەرەجە کەمکردنەوە، بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و دوای ئەوە، زەینەب بۆ شاری خۆی، ڕاگوێزرا.