سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری برینداربووی خەڵکی پیرانشار بە زیندان مەحکووم کرا

09:05 - 10 سەرماوەز 2723

سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا چاوی بریندار بووە، لەلایەن داداگای ئینقلابی مەهابادەوە، بە ٥ ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی مەهاباد، ئەم هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا، ئەم خۆپیشاندەرە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بۆ تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی لە ڕێگەی دنیای مەجازییەوە"، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بەم حوکمە، حوکەکە بە پێبژاردنی ٨ میلیۆن تمەن پارەی نەختی گۆڕدرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، سادق مەحموودنژاد بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم خۆپیشاندەرە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە، ڕيوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەیان کرد.

 سادق مەحموودنژاد، کاتژمێر ٢٣ی شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار"ی پیرانشار، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، بەتوندی بریندار بوو و تۆڕی چاوی چەپی پچڕاوە و هێزی بیناییشی ٢٠ لەسەدە.

سادق مەحموودنژاد، چەنددین جار لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

سادق مەحمووودنژاد، تەمەنی ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی "جەڕان"ی پیرانشار، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.