سنە؛ مامۆستا حوسێن عەلیمورادی، بە ١٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا

16:17 - 7 سەرماوەز 2723

مامۆستا حوسێن عەلیمورادی، پێشنوێژی مزگەوتی "ئیبراهیم خەلیلوڵڵا"ی سنە و بەرپرسی قوتابخانەی زانستی دینیی "ئیبراهیم خەلیلوڵڵا"، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە، بە ١٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ئەم مامۆستا ئایینییەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.

ئەم حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مامۆستا حوسێن عەلیمورادی ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، یەکی سەرماوەز، مامۆستا حوسێن عەلیمورادی بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوە، مامۆستا حوسێن عەلیمورادی، بە تۆمەتی "تێکدانی بیروڕای گشتی"، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خاکەلێوە بەمەبەستی وەرگرتنی ئاخرین بەرگری بۆ دووهەمین جار بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرابوو.