بانە؛ کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا

11:50 - 5 سەرماوەز 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "فارووق عەلیزادە"، کوڕی عوسمان و خونچە، خەڵکی شاری ڕەبەت سەر بە سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، یەکی سەرماوەز، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەسعەد حەسەن‌پوور"، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "جەعفەرخان"، سەر بە شاری سەقز، بە هۆی توندیی بریکانییەوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە، گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە شەوی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، بریندار کرابوو.