بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ

14:49 - 3 سەرماوەز 2723

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەعدی مۆزدگیر"، دانیشتووی گەڕەکی "دزەی سیاوەش"ی ورمێ، "قازی نامی"، دانیشتووی گەڕەکی "کوشتارگا"ی ورمێ، "کەماڵ عوسمانییان" دانیشتووی گەڕەکی "دزەی سیاوەش"ی ورمێ و "جەلال موکەڕەم" خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە تەرگەوەڕی ورمێ، پاش دەسبەسەرکران، چارەنووسیان لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پاریزەر بێبەری کراون و لە دوای دوو مانگ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراون و لە دابڕگەی زینداندا ڕاگیراون.

ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.