ورمێ؛ ئێحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:04 - 12 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، ئێحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم قوتابییە تەمەن ١٦ ساڵەیە، بەو هۆیەوە کە زیاتر لە یەک ساڵ دەسبەسەر بووە، لە خوێندن دابڕاوە و ئاواتی ئەوەیە کە ببێتە ڕەزمی کار و بچێتە تیمی میللی.

ڕۆژی ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم زیندانییە سیاسییە تەمەن ١٦ سالە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتەکانی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، ئاگرتێبەردان و تێکشکاندنی کەلوپەلی گشتی "لە حوکمی موحاربە" تۆمەتبار کراوە و بە هۆی ئەوەی کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵە دۆسییەکەی ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە.

ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئێریک ماکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدیی لە ئەستۆ گرت. ئێریک ماکوارد بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: من کەفاڵەتی ئێحسان لە ئەستۆ دەگرم. ئەو تەمەنی ١٦ ساڵە و تۆمەتی "موحاربە"ی لێ دراوە و ئەگەری هەبووە لە سێدارە بدرێت، لە ڕابردووشدا کەسی وا کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی چەندین جار لە ئێراندا بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون و لە سێدارە دراون.

ئێحسان محەممەدی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو پاش ماوەیەک بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی لێپرسینەوەکەشدا ئەشکەنجە دراوە.

ئێحسان لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێدابووە.