پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی دوو مێرمنداڵی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

01:06 - 1 سەرماوەز 2723

شەوی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، دوو منداڵ بە ناوەکانی "پێشەوا نەبی"، تەمەن ١٦ ساڵ و "کارزان نەبی"، تەمەن ١٥ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم دوو مێرمنداڵەیان دەسبەسەر کردوون.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەم دوو مێرمنداڵە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە هەژمارکردنی ئەم دوو حاڵەتە، لە ڕۆژی یەکشەممە  ٢٨ی خەزەڵوەرەوە هەتا ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، ٥ مێرمنداڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "کۆمار نەبی"، کوڕی شێرکۆ خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها شەوی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "هێدی یووسفی ئەقدەم" و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی "فەرزین نەبی"، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: پێشەوا و کارزان نەبی