سنە؛ هاجەر سەعیدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەت کرا

15:48 - 28 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی یەک ساڵەی  حوکمی زیندانەکەی، ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپی کۆمۆنیستی"، بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بۆ یەک ساڵ زیندان گۆڕدرا.

هاجەر سەعیدی لەلایەن لقی ٤ی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەوە نامەی جێبەجێکرانی حوکمەکەی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ئازاد کرا.

شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی هوومەن کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش دەکەنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی و بە زۆر دەسبەسەریان دەکەن.

هاجەر سەعیدی بە مەبەستی لێپرسینەوە سەرەتا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دواتریش پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.

هاجەر سەعیدی، گەلاوێژی ١٣٩٩ش، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاری"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کرابوو.