سنە؛ کەیوان زەندکەریمی بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

01:26 - 28 خەزەڵوەر 2723

کەیوان زەندکەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگاوە بە "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی"، تۆمەتبار کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم حوکمە ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، بەفەرمی بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕ، کەیوان زەندکەریمی، پاش ٥ ڕۆژ ئازادیی کاتی، دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕ، کەیوان زەندکەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە پاش ١٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

کەیوان زەندکەریمی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرابوو و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.