کوردستان؛ کوژران و برینداربوونی ٥٨ کۆڵبەری کورد لە ماوەی دوو حەفتەدا (٣ کوژراو و ٥٥ بریندار)

01:04 - 25 خەزەڵوەر 2723

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە؛ بە جۆرێک کە تەنیا لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، ٥٨ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کووردستاندا کوژراون و بریندار کراون.

کوردپا لەم ڕاپۆرتەدا بە ڕوانینێکی ئامای_جیاکەرەوە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی برینداربوون و کوژرانی کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، هەوڵی داوە وێڕای ئاماژە بە ئاماری کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە دوو حەفتەی ڕابردودا، باس لە هۆکارەکانی بەرزبونەووەی ئەم ڕێژەیە بکات.

لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا (٢ هەتا ١٥ی نۆڤامبر)، بەگشتی ٥٨ کۆڵبەر لە کوردستاندا کوژراون و بریندار کراون. (٣ کوژراو و ٥٥ بریندار)

٥٤ کەس بە فیشەکی جەنگی و ساچمەیی، سێ کەس لە ڕێگەی لێدان و توندوتیژیی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە و یەک کەسیش بە تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار کراون.

ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود بە ڕیز بە ٥٢٪  و ٤٧٪ ـە.

سێ کەس لە کۆڵبەرە بریندارەکان، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

ئازاد ستارپەنا خەڵکی سەقز، یادگار ڕەحیمی خەڵکی بانە و جەلال حەیدەریان خەڵکی دیواندەرە، سێ کەس لەو کۆڵبەرانەن لە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بە فیشەکی جەنگی کوژراون.

چاوخشاندنێک بەسەر ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە مانگەکانی سێپتامبر و نۆڤامبری ٢٠٢٣؛

لە مانگی سێپتامبردا، بەگشتی ١٥ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون (٢ کوژراو و ١٣ بریندار)

لە مانگی ئۆکتۆبردا بەگشتی ٣٩ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون (٢ کوژراو و ٣٧ بریندار)

لە سەرەتای سێپتامبری ٢٠٢٣، واتە لە ٧٥ ڕۆژی ڕابردوودا، ١١٢ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون (٧ کوژاو و ١٠٥ بریندار)

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانە، داخرانی زۆربەی ناوچە سنوورییەکانە. پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوری نەوسوود و بانەدا کردبوو.

لەلایەکی ترەوە، بە نزیکبوونەوە لە وەرزی سەرما و بەرزبوونەوی ڕێژەی بێکاری، بەتایبەت کەمبوونەوەی کاری کرێکاری و کارەکانی دیکە کە تایبەت بە چینی هەژاری کۆمەڵگەن، هاووڵاتییان ناچار دەبن پێش دەسپێکی وەرزی سەرما، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان، زیاتر لە پێش، کۆڵبەری بکەن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، (١٣٩٠-١٤٠١)، بەگشتی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون. (٥٥ کوژراو و ١٣٦٢ بریندار)

بەپێی ئەم ئامارە، ٣٦ کەس لەم کۆڵبەرانە، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها، ٧٧٪ی ئەم کۆڵبەرانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوژراون و بریندار کراون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٧٪ بووە و لە ڕیزبەندی دووهەمدایە.

هەروەها کوژران و برینداربوون بە هۆی تەقینەوەی مین و سەرمابردوویی، هەر کامەیان بە ڕێژەی ٥٪ لە ڕیزی سێهەمدان.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە