ئیلام؛ مێهراب کووشا پاش برینداربوونی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە

23:27 - 22 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٠ خەزەڵوەر، مێهراب کووشا، خەڵکی شاری کارزان، سەر بە پارێزگای ئیلام، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار و دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای گەیشتوو بە شاری کارزان سەر بە شاری ئیلام، تەقەیان لە ماشینی ئەم هاووڵاتییە کردووە کە لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان دواتر بە بێ بەڵگەی یاسایی، مێهراب کوووشایان دەسبەسە کرد و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: سەبارەت بە دۆخی گشتیی مێهراب کووشا، پاش دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و پاش لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کرابوو.