بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکی کورد

00:53 - 19 خەزەڵوەر 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ بە سەر دەسبەسەرکرانی پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکی کورد و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباددا، زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

پەخشان عەزیزی،  ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پەخشان عەزیزی لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە هەتا ئێستا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر، ماڵپەڕی "بی تاوان"، سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سیروان محەممەدڕەزایی بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران " کرد.

وریشە مورادی (جوانا سنە)، ژنە چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دەوروبەری سنەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.