کوردپا بووە ئەندامی "هاوپەیمانیی جیهانی دژی سزای لەسێدارەدان"

00:54 - 15 خەزەڵوەر 2723

ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، پاش خولی نوێی هەوڵەکانی هاوپەیمانەتیی جیهانی، دژی سزای لەسێدارەدان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بووە ئەندامی ئەم هاوپەیمانەتییە.

هاوپەیمانەتیی جیهانیی دژی سزای لەسێدارەدان، سەندیکایەکی پێکهاتوو لە زیاتر لە ١٦٠ ڕێکخراوی نادەوڵەتی، کانوونی پارێزەران، بەرپرس و سەندیکایە، کە لە ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٨٣، لە شاری ڕۆم پێک هات. ئەم هاوپەیمانەتییە ئاکامی بەڵێنەکانی واژۆکەرانی ئاخرین بەیاننامەی یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی دژی سزای لەسێدارەدانە کە لەلایەن ڕێکخراوی نادەوڵەتیی فەرانسەویی "یەکگرتوویی دژی سزای لەسێدارە" (ECPM)، لە جۆزەردانی ١٣٨٠ لە ستراسبۆرگ بەڕێوە چوو.

ئامانجی هاوپەیمانەتیی جیهانی، بەهێزکردنی لایەنە نێونەتەوەییەکانی خەبات دژی سزای لەسێدارە و لە ئاکامدا هەڵوەشانەوەی جیهانیی سزای لەسێدارەیە. ئەم هاوپەیمانەتییە جیهانییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خۆی، پشتیوانی لەهەڵوەشانەوەی یەکجاریی حوکمی لەسێدارەدان لەو وڵاتانەدا دەکات کە هێشتا ئەم سزایە جێبەجێ دەکەن.

ئەم هاوپەیمانەتییە، لە هەندێ لە وڵاتاندا، هەوڵی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سزای لەسیدارەدان وەکوو یەکەم هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە دەدات.

هاوپەیمانەتیی جیهانی لە هەوڵدایە کە لەم ڕێگایانەوە ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بکا:

بە پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی ئەندام، هێزە لۆکاڵیی(خۆجێی)، نەتەوەیی و ناوچەییەکان خۆی لەگەڵ پشتیوانییە نێونەتەوەییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ڕێک بخات.

کوردپا وێڕای ئەوەی کە هەوڵە جیهانییەکان دژی هەر چەشنە پێشیلکرانێکی مافی مرۆڤ بەتایبەت پیشێلکرانی مافی ژیان بە هۆکارێکی گرینگ بۆ سەرنجدان بەم سزایە و گوشار خستنەسەر حکوومەتەکان بۆ کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی دەزانێ، جەخت دەکاتەوە کە بە سەرنجدان بەوەی کە ئاماری لەسێدارەدرانی کەمینەکان لە ئێراندا زۆر بەرزە و ئاکامی سەرکوتی سیستماتیک و ڕوانگەی ئەمنییەتیی و نکۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی لە کەمینەکانە، ئەندامەتی کوردپا لەم هاوپەیمانەتییەدا دەتوانێ سەرنجی دنیای دەرەوە زیاتر بۆ لای لەسێدارەدرانی هاووڵاتییانی کورد وەکوو کەمینە ڕابکێشێ، تاکوو بتوانێ چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە وەکوو توندوتیژیی زۆرینەیی_سیاسی_ئەمنییەتی بناسێنێ و ڕێکاری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە.