پیرانشار؛ محەممەد سۆهرابی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ١٦ مانگ زیندان و یەک ساڵ دوورخرانەوە مەحکووم کرا

15:32 - 9 خەزەڵوەر 2723

محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری و یەک ساڵ دوورخرانەوە بۆ پارێزگای زەنجان مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" ئەم هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

کۆبوونەوەی داداگای پێڕاگەێستن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چوو و ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ئەم هاووڵاتییە، بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ١٠ قامچی مەحکووم کرا کە دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان، ئەم حوکمەی بە پێدانی ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی گۆڕێ.

محەممەد سۆهرابی، ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.