حوکمی زیندانی موژگان کاوسی لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

12:10 - 2 خەزەڵوەر 2723

حوکمی زیندانی موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١، موژگان کاوسی پاش تێپەڕاندنی ١٠٤ ڕۆژ دەسبەسەریی کاتیی و بێتاوان ناساندنی لە تۆمەتی "افساد فی الارض" بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە زیندانی قائم‌شار ئازاد کرا.

موژگان کاوسی بەپێی دادنامەی لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ساری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسرابوو.

بەپێی یاسای زۆرترین سزا، ٣٩ مانگ زیندان بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پیشوو بۆ ئەم نووسەرە کوردە دەبێ جێبەجێ بکرێ.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرا.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.