سنە؛ هێمن خاستان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وێڕای مەحکوومکران بە ٧٤ مانگ زیندان، لەگەڵ دۆسییەسازیی نوێ بەرەوڕوویە

00:20 - 29 رەزبەر 2723

هێمن خاستان، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە، سەرجەم بە ٧٤ مانگ و سێ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. هەروەها دۆسییەی ناوبراو بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات، نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوە و لەگەڵ دۆسییەیەکی نوێ لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێمن خاستان، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سنە، لە دوو کۆبوونەوەی دادگای چەند خولەکیدا، لە بانەمەڕی ١٤٠٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی کردەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ زیندان، بە تۆمەتی بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ بە ١٧ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کراوە.

بەپێی ماددەی ٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ لەم حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێ.

ئەم حوکمە یەک حەفتە پاش بەڕێوەچوونی دووەمین کۆبوونەوەی دادگای هێمن خاستان، ڕۆژی ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٢ بە شێوەی زارەکی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

لەحاڵێکدا کە دۆسییەی هێمن خاستان لەلایەن پارێزەرەکەیەوە رادەستی داگای پێداچوونەوە کراوە، دۆسییەیەکی نوێ دژی ئەم هاووڵاتییە لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکاندا"، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای سنە بۆ ناوبراو کراوەتەوە.

هاوکات وەزارەتی ئیتلاعات بە پێوەندیی تلفۆنی، بەردەوام هەڕەشە لە ناوبراو دەکات کە خۆی ڕادەستی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بکات، ئەگینا بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر دەکرێ.

هێمن خاستان، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە ماوەی ٢٥ی ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدا، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی درابوو تاکوو دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیردرێ.

هێمن خاستان ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

دوابەدوای هەڕەشەکان و گوشارەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و کردنەوەی دۆسییەی نوێ دژی هێـن خاستان، ناوبراو ناچار بە چوونەدەرەوە لە وڵات بوو.

هێمن خاستان، کوڕی محەممەد و سەعیدە، لەدایکبووی ٦ی بانەمەڕی ١٣٧٣ لە سنەیە.