مەهاباد؛ گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی شەماڵ خەدیری‌پوور، هاووڵاتیی ناڕازی کە هەتا کاتی تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان و چوونە کۆما، شەقامی چۆڵ نەکرد

00:41 - 27 رەزبەر 2723

ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، لە ٥٤ـەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان، پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی، ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر بوونەوە و زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران، گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکان بوون. شاری مەهاباد یەکێک لە شارەکان بوو کە لەو ڕۆژەدا ناڕەزایەتییەکانی بەربڵاوتر بوونەوە، و لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا بوو کە محەممەدئەمین (شەماڵ) خەدیری‌پوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵەی مەهابادی، بە ڕێژەیەکی زۆری فیشەکی ساچمەیی، لای ڕاستی جەستەی و جەرگی بەتوندی بریندار بوو. ناوبراو پاش ٦ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ و چوونە کۆماوە، گیانی لەدەست دا.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێراندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوازی گیانلەدەستدانی محەممەدئەمین (شەماڵ) خەدیری‌پوور، خەڵکی مەهاباد لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەگێڕیتەوە.

شەماڵ خەدیری‌پوور، هاووڵاتییەکی ناڕازی کە دووکانەکەی داخست، لە جێژنی لە دایکبوونیدا بەشداریی نەکرد و سەرەڕای برینداربوونی هەر خەریکی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و بەشداری لەو ناڕەزاییەتییانەدا بوو؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە ڕۆڵی شەماڵ خەدیری‌پوور، لە ڕێکخستن و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا دەڵێت؛ پاس کوژرانی ژینا_مەهسا ئەمینی و مانگرتنی خەڵک لە شارەکانی کوردستاندا، شەماڵ بە نیشانەی پشتیوانی لە بنەماڵەی ئەمینی، دووکانەکەی خۆی داخست و لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباددا، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا، تەنانەت هەندێ جار بە ماشینەکەی خۆی، بریندارەکانی بۆ شوێنێکی ئەمن دەگواستنەوە.

ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەر، ڕۆژی لە دایکبوونی شەماڵ بوو و تەنانەت نەچووە جێژنی لە دایکبوونەکەی خۆیەوە. شەماڵ هەموو دوانیوەڕۆیەک گەڕەکەکانی "فەجر، مەجبوورئاوا و زانکۆی ئازاد"ی بۆ خۆپیشاندانەکان ڕێکدەخست. تەنانەت لە گەڕەکی مەجبووئاوا شەوێک پێش برینداربوونی، بە فیشەکێکی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە_حکوومەتییەکانەوە سکی بریندار ببوو.

ناوبراو سێ ڕۆژ پێش برینداربوونی، تەواوی گڵۆپەکانی سەر شەقامەکانی شکاندبوو تاکوو هێزەکانی حکوومەت نەتوان بە پەهبادەکان خەڵک بناسن و دەسبەسەریان بکەن.

چۆنیەتیی برینداربوون و تەقەکردن لە شەماڵ خەدیری‌پوور لەلایەن هێزەکانی یەگانی تایبەتەوە، هەتا شاردنەوەی بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر بۆ پێشگرتن لە دەسبەسەرکرانی؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ چۆنیەتیی برینداربوونی شەماڵ خەدیری‌پوور دەڵێ: ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەماڵ خەدیری‌پوور لە کاتی خواردنی نانی بەیانی هەواڵی گیانلەدەستدانی دکتور "ئازاد حوسێن‌پووری" (یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی مەهاباد) دەبیستێ و بە جۆرێک خەم دایدەگرێت کە ناتوانێ نانەکەی بخوات. شەماڵ پاش ئەوەی کە تۆزێک یاریی لەگەڵ کچەکەی بە ناوی "سەنا" کرد خۆی بۆ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوکتور ئازاد ئامادە کرد، پێش چوونەدەرەوە لە ماڵ، بۆ ماوەی خولەکێک چاوی لە هاوسەر و کچەکەی کرد و چوو؛ چوونێک کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ نەبوو.

ئەو هاووڵاتییە، بە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردەنەکە ڕاناگات و دوای ئەوە، لە کۆڵانەکانی شەقامی "مەنبەع"ی مەهاباد، ئەرکی "لیدری"ی لاوان لە ئەستۆ دەگرێ و لەگەڵ باقی خۆپیشاندەرەکان، لە شەقامی سەرەکیدا، سەنگەر درووست دەکەن.

هەر لەو کاتەدا هێزەکانی یەگانی تایبەت هێرشیان کردبووە سەر خۆپێشاندەران لە شەقامی "مەنبع". هێندێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە شەماڵیان وتبوو کە یەگانی تایبەت ڕێژەیان زۆرە، با لێرە بڕۆین، بەڵام شەماڵ بە هەڵگرتنی بەردێک و فڕێدانی بۆ هێزە سەرکوتکەرەکان لەگەڵیان بەرەوڕوو بووەوە، کە لە مەودای ٢٠ مێترییەوە و بە چەکی ساچمەیی شەماڵیان دایە بەردەسڕێژی گوللـە و بەهۆی بەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆری فیشەکی ساچمەیی بەتوندی بریندار بوو. خۆپیشاندەران شەماڵ بۆ ماڵێکی ئەمن دەگوازنەوە.

شەماڵ، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ برینداردەبێ بەڵام لە ترسی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی حەشاری دەدەن و لە کۆتاییدا، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهابادی دەکەن.

لە وەرگرتنی شەماڵ خەیری‌پوور لەژێر ناوێکی دیکە هەتا چوونە کۆما بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ و لە کۆتاییدا، گیانلەدەستدانی؛

شەماڵ بە مەبەستی پێشگرتن لە دەسبەسەرکرانی بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر حەشار درابوو، دواتر بەهۆی خوێنڕێژی و بێهۆشبوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کرابوو و لەوێ لە ترسی دەسبەسەرکرانی بە ناوی "غەفوور ڕەسووڵی" ناوی تۆمار دەکەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمەڕ قورسیی برینەکانی شەماڵ و چوونە کۆمای ناوبراو ڕایگەیاند: بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، هەمان شەو لە نەخۆشخانەی مەهابادەوە بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" ورمێی ڕایدەگوازن و پاش ٦ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا، بەبێ هیچ نیشانەیەکە لە زیندوو مانەوە و بە ئاستی وشیاریی ٢٪، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، نزیکەی کاتژمێر ٧ی بەیانی گیانی لەدەست دا.

شەوێک پێش لە گیانلەدەستدانی شەماڵ، پزیشکەکان بەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە لەگەڵ شەماڵ بوون، دەڵێن: دەنگی کچەکەی بۆ تۆمار بکەن و بۆی بگرن ڕەنگە وشیاری خۆی بەدەست بێنێتەوە.

بانگهێشتکردنی هاوسەر و دایکی شەماڵ خەدیری‌پوور بۆ یەکێک لە کەڵانتەرییەکانی ورمێ بە مەبەستی ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەماڵ و تۆمارکردنی لە بونیاد شەهیدی کۆماری ئیسلامی و ناشتنی بە شەودا؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە مەرجی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەماڵ خەدیری‌پوور بە کوردپای ڕاگەیاند؛ پاش گیانلەدەستدانی شەماڵ خەدیری‌پوور، تەرمەکەی ڕەوانەی ساردخانەی پزیشکی دادوەری دەکرێ و کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، هاوژین و دایکی بانگهێشتی یەکێک لە کەڵانتەرییەکانی نزیک نەخۆشخانەی خومەینی دەکرێن. لە در‌ێژەدا، پاش نزیکەی ١١ کاتژمێر، تەرمی شەماڵ خەدیری‌پوور، بە مەرجی تۆمارکردن لە بونیادی شەهید و ناشتنی تەرمەکەی بە شەودا، ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە. بنەماڵەی شەماڵ بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەیان ناچارکران شەوانە تەرمی کوڕەکەیان بنێژن. لەلایەکی دیکەوە لە نەخۆشخانە و پزیشکی دادوەرییەوە هەتا گۆڕستانی مەهاباد، هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی خەدیری‌پووریان خستبووە ژێر کۆنترۆڵ و هەڕەشەیان لێ دەکردن.

لە بەڵگەی پزیشکی دادوەریی شەماڵ خەدیری‌پووردا هاتووە؛ هۆکاری گیانلەدەستدان "بەرکەوتنی شتی قورس و تیژ" نووسراوە.

شەماڵ خەدیری‌پوور پێش لە کوژرانی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکان، چەندین جار دووکانەکەیان پشکنیبوو و هێزە حکوومەتییەکان ناچاریان بە تاشینی ڕدێنی کردبوو؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە پەیوەندیی لەگەڵ ئازاردان و بێڕێزیی هێزە سەرکوتکەرە_حکوومەتییەکان دژی شەماڵ خەدیری‌پوور دەڵێت: ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵ، دەستیان بە ڕاودوونانی شەماڵ و پشکنینی دووکانەکەی کردبوو. هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکان لە درێژەی گوشار و هەڕەشە دژی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە، چەند جارێک ناوبراویان ناچارکردبوو کە ڕدێنی خۆی بتاشێت.

هەڕەشە و گوشار بۆ سەر ئارەزوو سەیدئەحمەدی، هاوژینی شەماڵ خەدیری‌پوور، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە؛

سەرچاوەی کوردپا لەهەمبەر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دژی بنەماڵەی شەماڵ خەدیری‌پوور ڕایگەیاند؛ ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢، کە وەکوو"ڕۆژی شەهیدانی کوردستان" ناودێر کراوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگای پێوەندیی تلفۆنییەوە  هەڕەشەیان لە "ئارەزوو سەیدئەحمەدی"، هاوژینی شەماڵ خەدیری‌پوور کردبوو کە وێنەکانی سەر پرۆفایلی ئینستاگرام و هەروەها ژیاننامەی شەماڵ خەدیری‌پوور بسڕێتەوە و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو کارە، چ بە زۆر یان بە هەر شێوەیەکی دیکە، خۆیان جێبەجێی دەکەن.

محەممەدئەمین (شەماڵ) خەدیری‌پوور؛

محەممەدئەمین (شەماڵ)، کوڕی زوبەیدە و حەسەن، لەدایکبووی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٩، لە شاری مەهاباد بووە.

شەماڵ خەدیری‌پوور شاخەوان بوو و حەزی زۆری لە وەرزش بووە و لە مەهاباد کاری کردووە.