قوروە؛ گورچیلەی ئامیار فەتحوڵڵاهی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ، لە ئاکامی لێدانی هێزەکانی ئیتلاعاتدا تووشی خوێنبەربوون بووە

19:56 - 25 رەزبەر 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢، قوتابییەکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "ئامیار فەتحوڵڵاهی" کوڕی تۆفیق، خەڵکی شاری قوروە، پاش ئەوەی کە لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی پەروەردەوە ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە کراوە، لێی دراوە و هەڕەشەی مردنی لێ کراوە و لە ئاکامی لێدانەکەدا گورچیلەی تووشی خوێنبەربوون بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم قوتابییە، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەلایەن "عەباس حەسەنی پێدارم"، کارمەندی ئیدارەی پەروەردەی قوروە، بە بیانووی وتووێژ سەبارەت بە دۆخی خوێندنی بانگهێشتی ئەم ئیدارەیە دەکرێ؛ دواتر لەلایەن ئەم کارمەندەوە دەسبەسەر و ڕادەستی ئیتلاعاتی قوروە دەکرێ.

ئامیار فەتحوڵڵاهی، پاش دەسبەسەرکران، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە هەتا ٣ی دوانیوەڕۆ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی قوروە لێی دراوە و هەڕەشەی مردنی لێ کراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە هۆکارەکانی لێدان و توندوتیژی بەرانبەر بەم مێرمنداڵە دەڵێ؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە بیانووی ئەوەی کە ئەم مێرمنداڵە پێوەندیی لەگەڵ خاڵۆی، "عارف نادری"، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی پێشووی شۆرای شاری قوروە هەیە، هەڕەشەیان لێ کردووە و ئەشکەنجەیان داوە. ئامیار بۆ ئەوەی کە دان بەودا بنێ کە لەلایەن خاڵۆیەوە هان دراوە تاکوو "کاری تێکدەرانە" بکا، کراوەتە ئامانجی لێدان و توندوتیژی و هەڕەشە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئامیار پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە بواری جەستەیی و دەروونییەوە لە دۆخێکی ناجێگیردا بووە و بە هۆی لێدانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گورچیلەکانی تووشی خوێنبەربوون بوونە و نێوقەدیشی ئازاری پێ گەیشتووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایلی ئەم مێرمنداڵەشیان وەرگرتووە و تاکوو ئێستا پێیان نەداوەتەوە.

ئامیار فەتحوڵڵاهی، قوتابیی پۆلی ١١ی هونەرستانی کارودانشی "موفەتح"، لە شاری قوروەیە.