ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسان و لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراو، بە تۆمەتی کوشتنی بەرپرسێکی ئەمنییەتی بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا

11:04 - 22 رەزبەر 2723

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، سێ جار لەلایەن دادگای کەیفەری یەکی کرماشانەوە دادگایی کراوە. ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ناوبراو، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بووە و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کراوە و سەرلەنوێ پاش ٢١ ڕۆژ، لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی ئەم شارە کرابوو.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کوردی کۆمەڵگەی یارسانی شاری سەحنە کە  ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بوو، دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی جەنگی، توندوتیژیی بەدوادا هات. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەم پێوەنددییەدا ڕایگەیاند؛ "لەم توندوتیژییەدا دەیان کەس دەسبەسەر کران و چەندین کەسیش کوژران و بریندار بوون کە بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری سەحنە، یەکێک لە کوژراوەکانە."

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، تاکوو ئێستا چەندین کەس لەمبارەوە تۆمەتبار کراون کە بەداخەوە ڕەزا ڕەسایی بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە. سەید مەعسووم ڕەزەوی و کەسێکی دیکە بە ناوی بەیگی، لەم دۆسییەیەدا ناویان هاتووە کە وا دیارە ڕەزەوی بێتاوان ناسراوە و لە چارەنووسی بەیگیش زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. لەلایەکی دیکەوە، بنەماڵەی ڕەسایی لەژێر گوشار و هەڕەشەی توندی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان و لە پێوەندی لەگەڵ بەمیدیاییکردنی دۆخی کوڕەکەیان، ناچار بە بێدەنگی کراون.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، لە کاتێکدا کە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەشێوەی هێمنانە و بە وتنەوەی دروشمی خەڵکی و مەحکوومکردنی کوشتار و سەرکوتی خەڵک درێژەی هەبوو و هێشتا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەوەی کە بۆچی هێزە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان ئەم ڕێوڕيسمەیان تووشی توندوتیژی کرد، لەگۆڕێدایە، دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی، نیشاندەری دۆسییەسازیی ئەمنییەتی دژی خەڵک و درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادییە.