سنە؛ ئیدریس مینبەری، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە زیندان، دوورخرانەوە و لێدانی قامچی مەحکووم کرا

13:26 - 20 رەزبەر 2723

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە بێ بوونی خۆی، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەوە، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی لە جۆری دەرەجە ٦، مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، لە لقی ١٠٦ی داداگای کەیفەری ٢ی سنە، بە سەرۆکایەتیی "بەهمەن ئومیدزادە"، بەڕێوە چووبوو.

لە دادنامەکەی ئیدریس مێنبەریدا هاتووە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووتری لە جێبەجێبوونی حوکمی زیندانەکەیدا هەژمار دەکرێ.

هەروەها لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنە، جێبەجێبوونی حوکمی ئەم چالاکە مەدەنییەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بە ڕەوا نەزانیوە و فەرمانی جێبەجێبوونی حوکمی زیندانەکەی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشاندا دەر کردووە.

ئەم حوکمە بە بێ بوونی خودی ئەم چالاکە مەدەنییە دەر کراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری ٢ی سنەدا، دەکرێ داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێ و پاش ٢٠ ڕۆژیش بۆ پێداچوونەوە دەکرێ بۆ ناوەندەکانی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بنێردرێ.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی هەتا کاتی دادگاکەی بە شێوەی کاتی، ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئیدریس مینبەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا، گرتبوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەرکران، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.