گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئارام حەبیبی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

12:21 - 23 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، خەڵکی سنە پاش گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی چلەی پەیمان مینبەری، داریووش عەلیزادە، یەحیا ڕەحیمی و محەممەد ئەمینی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هێزە سەرکوتکەرەکان لەم ڕۆژەدا تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کرد کە لە ئاکامی ئەم تەقەیەدا دوو هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە ناوەکانی "شاهۆ بەهمەنی" و "ئارام حەبیبی" گیانیان لەدەست دا.

هەر لەم ڕۆژەدا، ئومید حەسەنی، لاوی خەڵکی گوندی "پایگەلان" سەر بە سەوڵاوای سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی ئارام حەبیبی، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی گیانلەدەستدانی ئارام حەبیبی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، ئارام حەبیبی دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراو بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی سنە لە بەهەشتی محەممەدیی ئەم شارە، لە ڕۆژەکانی ٢٤ و ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بەشداریی چالاکانەی هەبوو و ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلە و دەسپێکی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، ئارام لە گۆڕەپانی "محەممەدی"ی سنە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوو و پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەرکەوتنی گولـلە لە سەری ئارام و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت: ئارام حەبیبی لە گۆڕەپانی "محەممەدی"، سەری بەر گولـلەی چەکی جەنگی کەوت و خەڵک بۆ نەخۆشخانەی کەوسەریان ڕاگواست کە پێش لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە بەهۆی توندیی برینەکەیەوە و ڕۆیشتنی خوێنی زۆر لە جەستەی گیانی لەدەست دا.

بە بارمتەگیرانی تەرمی ئارام حەبیبی و وەرگرتنی بەڵێننانەی نوسراو لە بنەماڵەکەی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان، تەرمی ئارامیان بۆ پزیشکی دادوەری ڕاگواستبوو و لەوێ فیشەکەکەیان لە سەری دەرهێنابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش چەند کاتژمێر بە بارمتەگیرانی تەرمی ئارام، هێزە سەرکوتکەرەکان بنەماڵەی حەبیبیان ناچار بە واژۆکردنی بەڵێننامە کرد کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئارام بە بێدەنگی و بە بێ بەشداریی خەڵک بەڕێوە بچێ.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان، هەڕەشەیان لە دایکی ئارام کردبوو کە بە بێ بەشداریی خەڵک ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە بەڕێوە ببات ئەگینا تەرمەکەی ڕادەست ناکەنەوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئارام، شەو و بە بوونی بەرچاوی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە بێ بەشداریی خەڵک لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بەڕێوە چوو.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، رێوڕەسمی حەفتە و چلەی ئارام حەبیبی، لەژێر چاوەدێریی توندی هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بەڕێوە چوو.

بانگهێشتکرانی بنەماڵەی ئارام حەبیبی بۆ وەرگرتنی دیە؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بنەماڵەی ئارامیان بانگهێشت کردووە و داوایان لێ کردوون کە وەرگرتنی دیە قەبووڵ بکەن و سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئارام بێدەنگ بن، بەڵام بنەماڵەی حەبیبی ئەم داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە و خوازیاری سزادانی بکوژی کوڕەکەیان بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی ئارام حەبیبی بە شێوەی دیار و نادیار لەژێر چاوەدێریی هیزە ئەمنییەتیی  -سەرکوتکەرەکاندان.

ئارام حەبیبی کوڕی محەممەد و کولسووم، لەدایکبووی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٧٤ بووە و پەیمانکار بووە.