ئەیووب عەبدوڵڵاهی بینایی چاوی ڕاستی خۆی لەدەست داوە

18:31 - 20 بانەمەڕ 2723

ئەیووب عەبدوڵلاهی، خۆپیشاندەری خەڵکی سەقز ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکرا و چاوی ڕاستی بریندار بوو و بەگشتی بینایی ئەم چاوەی لەدەست داوە.

ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپا، شێوازی برینداربوونی خۆی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گێڕاوەتەوە.

شێوازی برینداربوونی چاوی ئەیووب عەبدوڵڵاهی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە سەبارەت بە چۆنیەتیی برینداربوونی بە کوردپای وت: شەوی شەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی مانگرتنی سەرتاسەری، هاوکات لەگەڵ خەڵک لە کاتی وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر لەوانە ژن، ژیان، ئازادیدا بووین کە لە گەڕەکی "قەوخ"ی سەقز لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆری هێزە چەکدارە ئەمنییەتییەکان بەرەوڕوو بووینەوە، یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان بە جنێودان بە ژینا_مەهسا ئەمینی، بێڕێزیی بە ئێمە کرد و هەستی ئێمەی جووڵاند و ئێمەش بەردمان بۆ فڕێ دان کە دەسبەجێ لە چاوی ڕاستمدا هەستم بە ئازارێکی توند کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند: یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی ساچمەیی تەقەی لێ کردم و ئیتر هیچ شتێکم نەبینی و پەنام بردە بەر کۆڵانەکە. جلەکانم بە خوێنی چاوم سوور ببوون. دەستی ڕاستم خستە سەر چاوم و دەخولامەوە.

ئەیووب عەبدوڵڵاهی ڕایگەیاند: هاوڕێکانم لە بەرەی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا یارمەتییان دام و پەنایان دام و منیان گەیاندە شوێنێکی ئەمن و دواتریش بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتم. بنەماڵەکەم لەو دۆخەدا منیان بینی و ئەو شەوە هەتا بەیانی و پێش لە ڕۆیشتنم بۆ لای پزیشک هیوادار بووم کە چاوم لەدەست نەدەم. بەڵام بەداخەوە بێهیوا بووم.

وەرنەگرتنی ئەم ناڕازییە لەلایەن نەخۆشخانەی سەقزەوە؛

ئەم هاووڵاتییە بە کوردپای ڕاگەیاند: پاش ئەم ڕووداوە، چوومە نەخۆشخانەکانی "شەفا"، "خومەینی" و "تەئمین ئیجتماعی"ی سەقز و ئەم سێ ناوەندە دەرمانییە بە هۆی ئەگەری دەسبەسەرکرانی من لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە وەرگرتنم خۆیان بوارد.

ناوبراو وتی: پاش ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی "نیکووکاری"ی تەورێز، تاکوو ئێستا دوو جار نەشتەرگەریم بۆ کراوە و هێشتا یەکێک لە ساچمەکان لە تۆڕی چاوی ڕاستمدا ماوەتەوە.

نابینابوونی چاوی ڕاستی ئەم هاووڵاتییە ناڕازییە؛

ئەم ناڕازییە برینداربووەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕایگەیاند: پزیشکەکان پاش دوو جار نەشتەرگەری لە چاکبوونەوەی چاوم بێهیوا بوون؛ گۆشەی چاوی ڕاستم بە هۆی پارازیتەکانەوە، یەک کەس وەکوو ٥ تا ٦ کەس دەبینێ.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: دوو حەفتە پێش لەلایەن یەکیک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیاوە ناسێندرام بە پزیشکێکی چاو لە تاراندا، پاش پشکنین پێی وتم بە هۆی ئەوەیکە دوو جار نەشتەرگەریت کردووە، ئیمکانی نەشتەرگەریی دووبارەت نییە و ئەگەر نەشتەرگەریت بۆ بکرێ، دەبێ بە یەکجاری چاوی هەڵکۆڵین.

ترس لە دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: هەرچەند تاکوو ئێستا هێزە سەرکوتکەرەکان هەوڵی دەسەبەرکردن یان بانگهێشتکردنی منیان نەداوە بەڵام جاروبار شەوانە هەتا بەیانی لە ترسی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکاندا خەوم لێ ناکەوێ و هەمیشە ترسی دەسبەسەربوونم هەیە.

ئەیووب عەبدوڵڵاهیی تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی محەممەد و خێزاندارە و لە گەڕەکی "قەوخ"ی سەقز نیشتەجێیە.