کورد و ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلسی ئێران

سەرەتایی مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەممە)، ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران، لەو وڵاتە بەرێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو، هەڵویستی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە، کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە، سیاسەتی بایکوت و داوای نەچوونەسەر سەندووقەکانی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی  دیکە چەند وتووژێکی پێک هێناوە، کە سرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە ڕادەکێشین.

یەکەم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)

 ئاژانسی کوردپا: بە لەبەرچاوگرتنی  ڕووداوەکانی سێ مانگی ڕابردوو لە ئێران، بەشداریی خەڵک لە یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس چۆن دەبینی؟

تەیموور مستەفایی: دەزانن هەلومەرجی ئێران لەم کاتە زەمانییەدا کە بەناو هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی تێدا بەڕێوە دەچێ، لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو چەند جیاوازییەکی ئەساسییان هەیە وەک: الف-لە مانگی خەزەڵوەردا خەڵک بە ناڕەزایەتی لە گرانبوونی نرخی بەنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا دەستی دایە سەرکوتێکی بێڕەحمانە و بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو زیاتر لە ۱٥۰۰ کەس لەو خۆپیشاندانانە شەهید کران. ب-ئێران بەهۆی سیاسەتی دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە کەوتووەتە بەر گەمارۆیەکی توندەوە کە ئەو گەمارۆیانە شوێندانەری لە بەرەو هەژاریبردنی کۆمەڵگە داناوە، بە جۆرێک ئێستا و لەژێر سێبەری ئەم ڕیژیمەدا هیوا بە ژیان لە هەموو کاتێک کەمتر بووەتەوە. لە چوارچێوەی ئەم هەلومەرجەدا و بۆ گۆڕینی وەزعی مەوجوود، گەلانی ئێران لە هەر دەرفەتێک کە هاتبێتە پێش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ئەم ڕێژیمە ڕژاونەتە سەرشەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە، ناڕەزایەتییەکانی ۳ مانگی ڕابردوو نیشانی دا کە خەڵکی ئێران چی دیکە ئامادە نین لەژێر سێبەری ئەم سیاسەتەدا بژین کە ئاکامەکەی بێجگە لە ماڵوێرانی بۆ خەڵک، هیچی دیکەی بەدواوە نەبووە. ئێستا ڕووبەڕووبونەوەی خەڵک و ڕیژیم چوارچێوەی ڕابردووی تێ پەڕاندووە و خەڵک نەتەنیا لە شانۆی هەڵبژاردندا بەشداری ناکەن، بەڵکوو دروشمی خەڵک ڕووی لە ڕووخاندنی ڕیژیمە، بۆیە پێم وایە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ساردتر و بێڕەونەقتر دەبێ.


ئاژانسی کوردپا: ڕووداوەکانی ئێران چەندە باندۆر لە سەر ڕەوتی هەڵبژاردنەکان دا دەنێت

تەیموور مستەفایی:  وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمتاندا بە کورتی ئاماژەم پێ دا، هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر جیاوازە و تەنیا پەیوەست نییە بە کوردە، هەلومەرجێکی تازە هاتووەتە پێشەوە، ئەگەر لە ڕابردوودا تەنیا کورد بوو کە بایکوتی هەڵبژاردنی دەکرد، ئێستا ئیتر بۆ خەڵک لە سەرانسەر ئێراندا شتێک بەناوی هەڵبژاردن مانای نەماوە. ئیسلاح‌تەڵەبان کە شانۆگێڕی ئەم شانۆگەرییە بوون، هەم لەڕووی هزرییەوە و هەم لەڕووی هێزیشەوە کۆتاییان هاتووە، ئیسلاح‌تەڵەبەکان بۆ خۆیان ئیعتراف بەوە دەکەن کە لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا هیچ پروژەیەکیان بۆ ناچێتە پێشەوە و خەڵکیش لەم ڕاستییە گەیشتوون، بۆیە ئێتر پوڵینکردنی ڕێژیم بە دوو بەرەی ئیسڵاحخواز و نەریتخواز مانای نەماوە و دەکری ئێستا بە دوو باڵی موحافیزەکار و توندڕەوی ڕێژیم پولینە بکرێن. لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم زیاتر لە ڕابردوو ڕەوایی خۆی لەنێو خەڵکی ئێران لەدەست داوە و دروشمەکانی خۆپێشاندەران لە مانگی خەزەڵوەردا تێپەڕین لە نیزام بە مانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بوو، ئەمەش مانی ئەوەیە خەڵک تەواویەت (گەوهەر)ی کۆماری ئیسلامیی ناوێت و ئەم ڕیژیمە بە نوێنەری خۆیان نازانن. لە خۆپیشاندانەکانی سێ مانگی ڕابردوودا، ڕێژیم ۱٥۰۰کەسی لە خۆپێشاندەرانی شەهید کردووە، هەزاران کەسیشی زیندان و ئەشکەنجە کردوون کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان ناڕوونە، بۆیە بنەماڵەی ئەم شەهید و گیراوانە و هەموو ئەو کەسانەش کە ڕەنگە ڕۆژێک لەبەر بەرژەوەندییەکی کەسی، بنەماڵەیی و یا.... لە ڕابردوودا کەوتبنە ژێر باندۆری پڕوپاگەندەکانی ڕێژیمەوە، ئێستا ئیتر دەمامکی فریوکاریی ڕێژیم هیچ نرخێکی بەلایانەوە نەماوە کە بێگومان شوێندانەر دەبێت لەسەر بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردندا.

ئاژانسی کوردپا: سیاسەتی ئێوە بۆ هەڵبژاردن بەشداریکردنە یان بایکۆت؟ بۆ چی؟

تەیموور مستەفایی: لە چل ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا حیزبی ئێمە بێجگە لە دەوری یەکەمی هەڵبژاردنی مەجلیس کە بەشدار بووین و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان نوێنەرەکانی حیزب دەنگیان هێنایەوە، لە باقی هەڵبژاردنەکاندا بەم هەڵبژاردنەشەوە سیاسەتی ئێمە بایکوتی ئەو هەڵبژاردنانە بووە. دیارە لەو یەکەم دەورەیەشدا ڕێژیم هەڵبژاردنەکانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و ڕێگای نەدا نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی کوردستان بچنە مەجلیسەوە. لە وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتاندا پێویستە ئاماژە بە سیستەمی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بکەم کە لەگەڵ هیچکام لە پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاددا کۆک نییە، لەم سیستەمەدا لە چەند قۆناغێک کاندیدەکان لە سافی دەدرێن و ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنیا مۆرەکانی جێگای بڕوای دەسەڵاتن و لەڕاستیدا دەبێتە هەڵبژاردن لەنێو مۆرەکانی ڕیژیمدا و هیچ پەیوەندییکی بە خەڵکەوە نییە. بێجگە لەوە، هەڵبژاردنەکانی ئێران لە ڕۆژی کاندیداتوری تا چوونە مەجلیس و تەنانەت بە سەرۆک کۆماربوونیشەوە، بە هیچ شێوەیەک جێگای بڕوا و پەسەندی خەڵک نەبوون و نین، چونکە زۆرتر لەوەی کە هەڵبژاردن بێت، جێگۆڕکێیە لەنێو مۆرە تاقیکراوەکانی ڕێژیمدا. لە هەمانکاتدا نە ئەو بە ناو نوێنەرانە و نە سەرلەبەر و پێکهاتەی مەجلیسەکەش هێچ دەسەڵاتێکیان نییە. لە قوناغی جۆراوجۆردا بە حوکمێکی ڕێبەر پرۆژەی نوێنەرانی ڕێژیم لە دەستووری کار وەلانراوە کە دوایین نموونە لەم بارەوە خستنەبەرباسی گەڵاڵەی کۆمەڵێک نوێنەری ڕێژیم بوو سەبارەت بە نرخی بەنزین، کە بە فەرمانێکی خامنەیی نەکەوتە بەرباس و ئەو بەناو نوێنەرانەش متەقیان لێوە نەهات. لەوانەش بێدەسەڵاتتر، نوێنەرانی ڕیژیمن لە کوردستاندا کە تەنیا کاریان ڕەواییدانە بە سیاسەتی سەرکوت لە کوردستاندا. ئەگەر بە کورتیش ئاوڕ لە کردەوەی ئەم بەناو نوێنەرانە بدەینەوە، دەبینین لە قوناغی جۆراوجۆردا کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا ناحەقی، یا ستەمێک لە دژی کورد بووە، بەو مەرجە ڕێژیم ڕێگای پێ دابن، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و وتاردان کردووە، لە کاتێکدا هەر ئەو نوێنەرانە لە شوێنی بەناو نوێنەرایەتییاندا ڕۆژانە کۆڵبەر دەکوژرێن، لاوەکانمان بە بیانووی جۆراوجۆر دەکرێنە زیندان و لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید دەکرێن. لە ڕێپێوانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سنە و بۆکان کە تەنیا بە ناڕەزایەتی لەدژی گرانبوونی بەنزین هاتبوونە سەرشەقام، دەیان کەسیان شەهید و سەدان کەس بریندار و لە زیندان کران، کەچی ئەم بەناو نوێنەرانەی خەڵک نەیانتوانی کەمترین ناڕەزایەتی دەرببڕەن. بەو هۆیانەوە کە لە سەرەوە باسم کردن، نە سیستمی هەڵبژاردن و نە مودیریەتکردنی ئەو هەڵبژاردنانە جێگای پەسەندی ئێمە نین و مەجلیسیش کارەیەک نییە. زیاتر لە هەموو ئەوانەش مەبەستی ڕیژیم لەم هەڵبژاردنانە، نمایشی ڕەواییدان بە ڕێژیمە سەرکوتکەرەکەیانە، بەتایبەت لەم دورەیەدا بەو هۆیەوە کە لە ڕێپێوانەکاندا تەواوەت (جەوهەر)ی ڕیژیم بە ئامانج گیراوە و ڕەوایی ڕیژیم ڕەت کراوەتەوە، لە هەموو دەورەکانی دیکە زیاتر پێویستییان بە بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردندا هەیە، بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تا خەڵک بکێشنە سەر سەندووقەکانی دەنگدان. لێرەدا ڕووم دەکەمە هەموو دژبەرانی ڕێژیم و بە ئەرکی هەموانی دەزانم هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ و بە هەوڵدان بۆ بایکوتێکی چالاک و سەندووقەکانی بەناو هەڵبژاردنی ڕیژیم چۆڵ بهێڵنەوە، تا ڕێژیم نەتوانێ لە بیروڕای گشتیدا ژستی ڕەوایی نیزامە سەرکوتکەرەکەیانی پێ نمایش بکات.