خوێندکارێکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا

ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی خەڵکی شاری کرماشان لە یەکێک لە زیندانەکانی کەرەج لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا.

کۆمیسیونی تەشکیلاتی "حدک" لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاند: کە "پووریا ناسریخا"، خوێندکاری ڕشتەی عومران و ئەندامی ئەو حیزبە لە ژێر ئەشكەنجە لە یەکێک لە زیندانەکانی شاری "کەرەج"دا گیانی لە دەست داوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: شەهید "پووریا ناسریخا"، خوێندکاری ڕشتەی عومران، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر بە تاوانی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ئەم شارە دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیم، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری "کەرەج"دا دەسبەسەر کرا. شەهید پووریا بێ ئەوەی کەسوکار و بنەماڵەکەی لە دەسبەسەرکردنی ئاگادار بکرێنەوە و بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێ و دەرفەتی داکۆکیکردن لە خۆی پێ بدرێ، لە ژێر ئەشکەنجەدا لە یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری کەرەج گیانی لێ ئەستێندرا. "

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "لەو ماوەیەدا هەرچی بنەماڵەکەی پێوشوێنی دەگرن و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی پووریا دەکەن، هیچکام لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە گرتن و کوشتنی  پووریا ئاگاداریان ناکەنەوە و نکۆڵی لە گرتنی دەکەن. کەچی دوای دامرکانەوەی خۆپێشاندانەکان و تێپەڕینی زیاتر لە بیست ڕۆژ بەسەر شەهیدکردنی پووریادا، جەستەی بێ‌گیانی ڕادەستی بنەماڵەکەی لە کرماشان دەکرێتەوە و هەڕەشە لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکرێ کە بە هیچ شێوەیەک مافی دانانی پرسە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان نییە."

"پووریا  ناسریخا"، کوڕی "عەلیموراد"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە شاری کرماشان و خوێندکاری ڕشتەی عومران‌ بوو.