لاوێکی مەریوانی کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا

21:12 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئەو شارە، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ ١١ی جۆزەردان، شۆفێڕی تانکێرێکی بارهەڵگر، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو لاوە بە \"هێمن.م\" تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە شۆفێڕی بارهەڵگرە گەورەکان بووە. دوێنی بە هۆی وەرگەڕانی ماشینەکەیەوە خەسارێکی زۆری بەرکەوتبوو و ناوبراو لەژێر کارتێکەریی ئەو ڕووداوەدا دەستی داوتە ئەو کارە.

ئەو ڕووداوە لە شەقامی\"باوەڕەش\"ی شاری مەریوان ڕوویداوە و ئەو هاووڵاتییە بە خۆی بە دارێکی نێوان شەقامی سپا و شەقامی موعەلمدا هەڵواسیوە.

خۆکوشتن کارێکی بە ئەنقەستە کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان. زۆربەی خۆکوژییەکان بۆ هۆکارگەلی، تێکچوونی باری دەروونی لە دەرئەنجامی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ڕوو دەدەن.

ساڵانە نزیکەی ٨٠٠ هەزار هەتا یەک میلیۆن کەس بە هۆی خۆکوشتنەوە لە جیهاندا دەمرن و بیرمەندانی بواری دەروونی ئەم جۆرە مردنە بە دەیەمین شێوازی سەرەکیی مردن لە سەرتاسەری جیهان دەزانن.