وەزارەتی ئیتلاعات هەرەشەی لە دوو چالاکی مافی مرۆڤ کرد

16:18 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگای تەلەفۆنەوە، هەڕەشەیان لە دوو چالاکی مافی مرۆڤ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان \"شیوا گەنجی\"ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ لەگەڵ هاوژینەکەی\"مادیح نەزەری\" ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن ‌هێزەکانی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێ کرا.

ئەو دوو چالاکەی مافی مرۆڤ، هۆکاری ئەو هەڕەشەیەی وەزارەتی ئیتلاعاتیان لە پەیوەندیی لەگەڵ زیندانی کرانی \"فەرهاد سەڵام پوورزەهیر\" کە ماوەی ٥ مانگە لە بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە ژووری تاکەکەسیدا بووە، ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا فایلی دەنگیی ئە هەڕەشەیە، نێردراوە بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان \"عاسیمە جەهانگیر\"و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ڕاگەیاندنەکان.

مادیح نەزەری لە فەیسبووکی شەخسیی خۆی نووسیوویەتی:\" هەڕەشە لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەروەی وڵات لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە مەحکوومە و ئەو ڕەوتە پرۆسەیەکی مەترسیدارە و نایاساییە.\"

ناوبراو هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: \"لێپێچەرەکانی ئیتلاعات دەبی کۆتایی بە گوتاری هەڕەشە بێنن، ئێمە بە هەزاران کیلۆمێتر دوور لە ئێران هەست بە ئەمنیەت ناکەین.\"

ئەو دوو چالاکەی مافی مرۆڤ، چەند ساڵ پێش بە هۆی گوشارەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆیان بەجێهێشت و هەنووکە لە وڵاتی ئامریکا نیشتەجێن.

شیوا گەنجی یەکێک لە هەواڵنێرەکانی \"باشگای جەوانی\" شاری سنە بووە و مادیح نەزەرییش بەڕێوەبەری حەوتوونامەی \"دیدگاە\" بووە.

هەر لەو پەیوەندیەدا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، وەزارەتی ئیتلاعات لە پەیوندییەکی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لە دوو کەس لە چالاکانی کرێکاری بە ناوەکانی\" بێهنام ئیبراهیم زادە\" و \"مەحموود ساڵحی\" کردبوو.