گرانی، دیاریی دەوڵەت بۆ خەڵک لە مانگی ڕەمەزاندا

17:10 - 6 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هاتنی مانگی ڕەمەزان، بازاڕی شارە جیاوازەکانی ئێران لەگەڵ گرانیی دووقاتی خواردەمەنی بەرەوڕوو بووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای گەرانیی بەرچاو و بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی ئیران، هاتنی مانگی ڕەمەزانیش بووەتە هۆکاری بەرز بوونەوەی چەند قاتی نرخی شتومەکی خواردەمەنی.

بەپێی ئامار و نرخە بڵاوکراوەکان لە لایەن هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، قیمەتی هەر کیلۆ مریشک بایی ٧٧٠٠ تمەنە و گۆشتی سوور لە ٣٥ هەتا ٦٠ هەزار تمەن بە خەڵک دەفرۆشرێت.

قیمەتی گۆشتی سوور لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ٦٤ لە سەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

هەموو ساڵێک بەرپرسانی حکوومەتی لە بەرەبەری جێژن و بۆنە ئایینی و غەیرە ئایینییەکاندا بەڵێنی پێشگرتن بە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکی خواردن بە خەڵک دەدەن، بەڵام بەپێی خودی ئامارەکانی حکوومەت، بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەم بارەیەوە سەرکەوتوو نەبوونە.

زۆربەی شرۆڤەکاران هۆکاری ئەوم پرسە بۆ دەستێوەردانی باند و لایەنە سیاسی ـ ئابوورییەکانی نێو حکوومەت دەگەڕێننەوە.

پێدەچێت بە هۆی گرانیی دەرئەنجامی دەستەوەستانیی ڕێژیم لە کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕ، سفرەی پڕ بەرەکەتی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بۆ توێژی هەژاری کۆمەڵگای ئێران بە سادەیی و بەتاڵی بمێنێتەوە.