چوار کۆڵبەر لە گەردەنەی تەتەی ناوچەی هەورامان کوژران و بریندار بوون

16:51 - 5 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەوارمان، کوژرانی کۆڵبەرێک و بریندار بوونی سێ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کرد.

کۆڵبەرەکان لە نزیک گوندی\"دەرکێ\" کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی ‌هێزە ئینتزامییەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا، کۆڵبەریک کوژراوە و سێکۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

ئەو کۆڵبەرە کوژراوە خەڵکی گوندی \"ولەژێری\" شاری مەریوانە، بەڵام هەتا ئێستا شوناسی بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە، شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکانی بە\"تەوفیق مستەفایی\" تەمەن ٤٥ ساڵە خەڵکی گوندی\"پیلە\"ی شاری مەریوان و عەدنان شەهیدی خەڵکی گوندی بندۆڵی مەریوان و هۆشیار سەحرایی خەڵکی گوندی\"وەلێنە\"ی ئەو شارە ڕاگەیاندووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراون.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو؛ بەرپرسانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت بە بەرپرسانی نەخۆشخانەی شاری پاوەیان راگەیاندووە کە؛ بە هێچ شێوەیەک نابێت سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەرەکان زانیاری بە ڕاگەیەنەکان بدەن.

بەپێی ئاماری کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.